"رووپۆش مانای داپڵۆسین نییه"
K24 – هه‌ولێر:
ده‌نگی گۆرانییه‌كی سعوودی به ناوی "هواجیس" ده‌گاته گوێی خه‌ڵكی ناوچه جیاجیاكانی جیهان، له‌وانه وڵاته ئه‌وروپییه‌كان وه‌ك ئه‌ڵمانیا و ئۆستریا (نه‌مسا) و خه‌ڵكی ئه‌و وڵاتانه ده‌رباره‌ی گۆرانی ئه‌و ژنه رووپۆشانه كۆمێنتیان نوسیووه.
گۆرانییه‌كه له 23/12/2016 بڵاوكراوه‌ته‌وه و ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ی ناوی (ماجد العيسى) یه، دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی فراوانی هه‌بووه.
گۆرانییه‌كه وێنه‌یه‌كی نوێی ژنانی سعوودیه نیشان ده‌دات و به شیوه‌یه‌كی داهێنه‌رانه و به خۆشییه‌وه ئه‌و كێشانه‌ی رووبه‌ڕوویان بووه‌ته‌وه ده‌خه‌نه‌ڕوو".
ڤیدیۆكه تا له رۆژی بڵاوبوونه‌وه‌ی له 23/12/2016 تا 7/1/2017 زیاتر له 3 ملیۆن كه‌س ته‌ماشایكردووه، ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی پێی سه‌رسام بوون و لایكیان كردووه گه‌یشتووه‌ته 58 هه‌زار كه‌س، له به‌رامبه‌ردا 18 هه‌زار كه‌س به دڵیان نه‌بووه و له رێگه‌ی كۆمێنتیشه‌وه راوبۆچوونێكی زۆر گۆڕدراوه‌ته‌وه.
رۆژنامه‌ی “دی فێلت” ئه‌ڵمانی له‌سه‌ر په‌یجی سه‌ره‌كی رۆژنامه‌كه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ڤیدیۆ كلیپه‌كه‌ی بڵاویكردووه‌ته‌وه و له‌سه‌ری نوسیووه" به‌ڕاستی ئه‌م گۆرانییه خاوه‌ن په‌یامێكی به‌هێزه".
ئاماژه‌ی به مانای گرته‌كانی ڤیدیۆكه كردووه كه سه‌ره‌ڕای قه‌ده‌غه‌بوونی شۆفێری، كچان و ژنان ده‌رده‌كه‌ون پاسكیل لێده‌خوڕن، هه‌روه‌ها كچان و ژنان سه‌ره‌ڕای رووپۆشه‌كانیان زۆر متمانه‌یان به خۆیان هه‌یه و یاری باسكه ده‌كه‌ن".
رۆژنامه ئه‌ڵمانییه‌كه له‌سه‌ر په‌یجه‌كه‌ی به‌شێك له گۆرانییه‌كه‌ی وه‌رگێراوه‌ته سه‌ر زمانی ئه‌ڵمانی و به تایبه‌تی ئه‌و به‌شه‌ی كچه‌كان داوا ده‌كه‌ن ئه‌و پیاوانه‌ی بوونه‌ته هۆی نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كانیان له پێش چاویان وون ببن".
ئاماژه به‌وه‌شدراوه كه ده‌رهێنه‌ره‌كه بۆ مافی ئافره‌تان ده‌جه‌نگێت و ده‌یه‌وێت ژنان خۆیان ئاراسته‌ی ژیانیان بكه‌ن و خاوه‌نی خۆیانبن".
گه‌نجیك به ناوی (مارین نیهۆس) سوپاسی رۆژنامه‌كه‌ی كردووه و نوسیوویه‌تی" ئه‌مه كارێكی زۆر جوانه، ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه رووپۆش به داپڵۆسینه‌وه په‌یوه‌ست نه‌كرێت،رووپۆشیش وه‌ك ملوانكه‌ی گوڵینی مه‌سیحییه‌كان كه خاچێكی پێوه‌یه ئه‌ژماربكرێت، مادام ئه‌و كچانه به ئاره‌زووی خۆیان و به ئازادانه رووپۆش ده‌پۆشن و باوه‌ریان پێی هه‌یه، با وابكه‌ن و ئازادبن".
به‌ڵام رۆژنامه‌ی “بليك” ی ئۆستریایی (نه‌مسا) ڤیدیۆكه وه‌ك داواكردنی مافی ئافره‌تان بۆ ئۆتۆمبێل لێخورین و گه‌شتكردن به بێ پیاوێكی خێزانه‌كه‌یان ناوبردووه، بۆ ئه‌وه‌ش سه‌رنجی خه‌ڵكی بۆ گرته‌ی یه‌كه‌می ڤیدیۆ كلیپه‌كه راكیشاوه له‌و كاته‌ی مێردمنداڵێك به ئاماده‌بوونی چه‌ند ئافره‌تێك كه له ته‌مه‌ندا له‌و گه‌وره‌ترن ده‌ست به گۆرانی گووتن ده‌كه‌ن".
ئه‌و رۆژنامه‌یه ئه‌وه‌شی ئاشكراكردووه" له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی گۆرانییه‌كه‌دا گه‌یشتووه‌ته پله‌ی سێیه‌م له ریزبه‌ندی گۆرانییه سعوودییه‌كاندا، ته‌نانه‌ت هاوژینی پێشووی شازاده وه‌لید بن ته‌لال، گۆرانییه‌كه‌ی له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تویته‌ر بڵاوكردووه‌ته‌وه".
ماجد العيسى - هواجيس | Majedalesa - Hwages https://t.co/GNWoyH1RGf
— أميرة الطويل (@AmeerahAltaweeL) ٢٤ ديسمبر، ٢٠١٦
لای خۆیه‌وه كه‌ناڵی ئێس ئاڕ ئێفی سویسری له به‌رنامه‌یه‌كی به ناوبانگیدا كه تایبه‌ته به گۆرانی، ئه‌و كلیپه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه و به ناڕه‌زایه‌تییه‌كی روون دژی ده‌سه‌ڵاتداران ناویبردووه".
پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه گوتوویه‌تی" پیش‌تر خه‌ڵكی جیهان وێنه‌ی له‌و جۆره‌یان نه‌بینیووه، ئافره‌تانی سعوودی له به‌رده‌م خه‌ڵكیدا ده‌ربكه‌ون و یاری باسكه بكه‌ن و خۆشی ده‌رببڕن".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤیدیۆكه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوه، پێگه‌ی تویته‌ر پربووه له وێنه‌ی كچه‌كان له كاتی سه‌ماكردندا".
كه‌ناڵه‌كه قسه‌ی مامۆستایه‌كی زانكۆ كه به ڕه‌چه‌ڵه‌ك یه‌مه‌نییه و ره‌گه‌زنامه‌ی سویسری هه‌یه گواستووه‌ته‌وه كه گوتوویه‌تی" ئه‌مه ئیلهامێكه، ئه‌و ئافره‌تانه ده‌نگێكی زوڵاڵن له كۆمه‌ڵگای سعوودیدا، پێشبینی ده‌كه‌م له داهاتوودا سعوودیه به‌ره‌و كرانه‌وه‌ی زیاتر هه‌نگاوبنێت".