دوو پێشمەرگەی رۆژھەڵات لە خرابەرووت شەھید بوون

"چاودێری سەنگەرەكانی داعشیان دەكەن بۆمبیان پێدا تەقیەوە"

K24 – ھەولێر

بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێك لە سنووری خرابەڕووت دوو پێشمەرگەی پارتی ئازادی كوردستان (پاك) شەھید بوون و چەند پێشمەرگەیەكی دیكەش برینداربوون.

خەلیل نادری بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی ئازادی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ كاتێك پێشمەرگەكانمان لە كاتی چاودێریكردنی چەكدارانی داعش بوون لە سنووری خرابەڕووت، بۆمبێك بە پێشمەرگەكانماندا تەقیەوە، بەداخەوە دوو پێشمەرگە بەناوەكانی (شاكۆ سەقزی) و (ھاوكار مەریوانی) شەھیدبوون و چەند پێشمەرگەیەكی دیكەش برینداربوون".

گوتیشی: "پێدەچێت ئەو بۆمبانە تازە دانرابن چونكە رۆژانە پێشمەرگەكانمان بەو شوێنانەدا ھاتووچۆ دەكەن و چاودێری چەكدارانی داعش دەكەن، جارێكی دیكەش ھەر لەو سنوورە بۆمبێكی دیكە بۆ پێشمەرگەكانمان دانرابووەوە، خۆشبەختانە ئەوكات زیانی گیانی نەبوو".

پارتی ئازادی كوردستان (پاك) ھێزێكی رۆژھەڵاتی كوردستانە، پێشمەرگەكانی ئەو ھێزە لەسەرەتای شەڕی داعشەوە ھاوشانی ھێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، دژی ئەو رێكخراوە لە سەنگەردان و چەندین پێشمەرگەی دیكەیان لە شەڕی داعش شەھید بوونە.

دوو پێشمەرگەی رۆژھەڵات لە خرابەرووت شەھید بوون
دوو پێشمەرگەی رۆژھەڵات لە خرابەرووت شەھید بوون