دوو گوندی دیكە لە دەستی داعش رزگاركران

ھێزەكانی سووریای دیموكرات پێشڕەوی زیاتر دەكەن بەرەو گەیشتن بە سەنتەری رەققە

K24 – ھەولێر

ھێزەكانی سووریای دیموكرات دوو گوندی دیكەی سەر بە رەققەیان لە دەستی چەكدارانی داعش رزگاركرد.

میدیاكانی نزیك لە ھێزەكانی سووریای دیموكرات ئاشكرایان كرد ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فوڕات" بەردەوامە و شەڕڤانان گوندەكانی ئەبو جەدی و ئەلحسەینیان لە باشووری رەققە كۆنترۆڵكردەوە.

بە گوێرەی زانیارییەكان چەكدارانی داعش بەشێكی زۆری دەوروبەری رەققەیان بۆمبڕێژكردووە، لە ئێستادا ھێزەكانی سووریای دیموكرات ئەو شوێنانە لە مین و بۆمب پاكدەكەنەوە كە لە دەستی داعش رزگار كراون.

رۆژی 10/12/2016،ھێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناحیەی سلووک لە رۆژھەڵاتی گرێ سپی بە فەرمی دەستپێکردنی قوناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکەیان راگەیاند کە بە پشتگیری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڕێووە دەچێت.

قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فورات" رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016  بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری رەققە لە لایەن ھێزەکانی سوریای دیموکرات و بەشداری یەپەگە و یەپەژە دەستیپێکرد.