توركیا قوناغێكی نوێ له‌گه‌ڵ عێراق ده‌ستپێده‌كات
K24 – هه‌ولێر
سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا بیناڵی یڵدرم پاش گه‌ڕانه‌وه له گه‌شتێكی دوو رۆژه بۆ به‌غدا و هه‌ولێر رایگه‌یاند له‌گه‌ڵ عێراق ده‌ستمان به قوناغێكی نوێ كرد.
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌نقه‌ره و به‌غدا ئاماژه‌ی به‌وه دا قوناغێكی نوێ نێوان ھەردوولا ده‌ستیپێكرد، "هه‌م له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌رایه‌تی ناوه‌ندیی عێراق و هه‌م له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردی له شه‌ڕی دژی تیرۆر پێكه‌وه كار ده‌كه‌ین".
گوتیشی: "سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كانی له‌باره‌ی باشیك قازانجی هه‌بووه و پاش كۆبوونه‌وه ( له‌گه‌ڵ عه‌بادی) به‌یاننامه‌یه‌ك راگه‌یه‌نرا و شه‌ڕی دژی تیرۆر له كاره پێشینه‌كانی دایه. له شه‌ڕی دژی ڕێكخراوه‌كانی تیرۆری وه‌ك داعش، فه‌تحوڵڵا و په‌كه‌كه پێكه‌وه كار ده‌كه‌ین".
سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو به سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی پێكهاتوو له ژماره‌یه‌كی زۆری وه‌زیرانی كابینه‌كه‌ی و په‌رله‌مانتارانی پارته‌كه‌ی سه‌ردانی به‌غدای كرد و پاش كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی عێراقی فێدراڵ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیشی كرد و به جیا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆ بووه‌وه و لە دوایین وێستگەی سەردانەكەشی سه‌ردانی سه‌نگه‌ره‌كانی هێزه‌كانی پیشمه‌رگه له چیای باشیك كرد.
له كۆبوونه‌وه‌ی نێوان عه‌بادی و یڵدرم له‌باره‌ی چه‌ندین پرسی گرنگی نێوان عێراق و توركیا رێككه‌وتن كرا، له‌وانه كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا له باشیك و پێكه‌وه كاركردن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره و به‌غدا له بواره‌كانی ئابووری، بازرگانی و ئاسایش.