راگەیاندنكارانی یەكێتی لە حزبەكەیان نیگەرانن

كادیرێكی راگەیاندنی یەكێتی: ئەگەر بەشێوەیەكی یەكسان مووچەی ناوحزب دابەش بكرێت مووچەی رۆژنامەنووسان نافەوتێ
kurdistan24.net

K24 – سلێمانی

راگەیاندنكارانی سەر بە مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، نیگەرانن لە حزبەكەیان كە بە ھەردوو ساڵی 2015 و 2016، مووچەی 9 مانگیان پێنەدراوە، كادیرێكی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی دەڵێ، راستە قەیران ھەیە، بەڵام ئەگەر بە یەكسانی مووچە دابەش بكرێت مووچەی رۆژنامەنووسان نافەوتێ، سكرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیش پاڵپشتی خۆی بۆ ناڕەزایەتی راگەیاندنكارانی حزبەكی دەردەبرێت و سەركردایەتی حزبەكەی بە بەرپرس دەزانێت.

ئەمە لە كاتێكدایە دوای دەستلەكاركێشانەوەی ئازاد جوندیانی لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی لە چەند ساڵی رابردوو تا ئێستا كەس بە فەرمی بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نییە، پێشتریش كادیرێكی پێشووی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی ئەوەی بۆ كوردستان24 ئاشكرا كرد، كە بەھۆی كێشە ناوخۆییەكان و ململانێی توند ئازاد جوندیان ناچاربوو دەستلەكار بكێشێتەوە.