ڤیدیۆی یه‌كه‌م ساتی ته‌قه‌كردنی بكوژه‌كه‌ی فلۆریدا بڵاوده‌كرێته‌وه‌

به‌و هۆیه‌وه‌ 5 كه‌س كوژرابوون

K24 – هه‌ولیر:

ڤیدیۆیه‌كی نوێی ئه‌و چه‌كداره‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌ فرۆكه‌خانه‌یه‌كی ویلایه‌تی فلۆریدای ئه‌مریكا، ته‌قه‌یكرد و له‌ ئه‌نجامدا 5 كه‌سی كوشت.

له‌ ڤیدیۆكه‌دا بكوژه‌كه‌ به‌ روونی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ شوێنی راده‌ستكردنی جانتاكان، به‌ر له‌وه‌ی ده‌مانچه‌كه‌ له‌ كه‌مه‌ری ده‌ربهێنێت به‌ هێمنی له‌ ناو خه‌ڵكه‌كه‌دا ده‌ڕوات، له‌ ناكاو ده‌مانچه‌كه‌ی ده‌رده‌هێنێت و ده‌ست به‌ ته‌قه‌كردن له‌ خه‌ڵكی ده‌كات.

ئه‌و تۆماره‌ ڤیدیۆییه‌ ماوه‌كه‌ی 20 چركه‌یه‌ و له‌ لایه‌ن پێگه‌ی (تی،ئێم، زی) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و پێده‌چێت له‌ لایه‌ن كامێراكانی چاودێرییه‌وه‌ گیرابێت، له‌ ڤیدیۆكه‌دا بكوژه‌كه‌ ده‌بینرێت، جانتایه‌كی بچوك و چاكێتێكی له‌ ده‌سته‌ و هاوشانی ئه‌و كه‌سانه‌ی ناو فرۆكه‌خانه‌ی فۆرت لۆدردیل ده‌ڕوات و له‌ ناكاو ده‌ست به‌ ته‌قه‌كردن ده‌كات.

بكوژه‌كه‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئاگاداركردنه‌وه‌ و هۆشداری و قسه‌یه‌ك بكات، ته‌قه‌ له‌ ئامانجێك ده‌كات، به‌ڵام له‌ تۆماره‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا ده‌رناكه‌وێت كێیه‌ و كوێیه‌، به‌ڵام ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی له‌ پشتییه‌وه‌ن ده‌په‌شۆكێن و هه‌وڵی خۆدورخستنه‌وه‌ له‌ بكوژه‌كه‌ و ده‌نگی ته‌قه‌كان ده‌ده‌ن.

ئه‌و پێگه‌یه‌ی ڤیدیۆكه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ ئاشكرای نه‌كردووه‌ ئه‌و ڤیدیۆیه‌ی له‌ كوێوه‌ ده‌ستكه‌وتووه‌، ته‌نها نوسیوویه‌تی" یه‌كه‌م چركه‌كانی ته‌قه‌كردنی فرۆكه‌خانه‌كه‌ی فلۆریدایه‌".

ئەنجامدەری هێرشەكه‌ی فلۆریدای ئه‌مریكا ساڵی 2010 وه‌ك ئه‌ندازیاری جه‌نگ  له‌ عێراق خزمه‌تی سه‌ربازی كردووه‌  و دوای گەڕانەوەشی کەسوکاری گومانیان لا دروست بووە لەسەر هەڵسوکەوت و باری دەروونی و له‌ كانوونی دووه‌می 2016 به‌هۆی نواندنی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ده‌ستگیرانه‌كه‌ی دادگای كرا  و به‌هۆی باری ده‌روونیشی له‌ نه‌خۆشخانه‌ كه‌وتبوو.

ئیستێبان سانتیاگۆ 26 ساڵی له‌ فرۆكه‌خانه‌ی فلۆریدا له‌ به‌شی جانتا ته‌قه‌ له‌ خه‌ڵك كرد و به‌هۆیه‌وه‌ پێنج كه‌س كوژران و پاش ته‌واوی بوونی گوللـه‌كانی له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیر كرا.

به‌پێی هه‌واڵیكی رۆیته‌رز، به‌پرسێكی ئێف بی ئای له‌ میامی رایگه‌یاند لێكۆڵه‌ران هۆكاری تیرۆر به‌ دوور نازانن كه‌ له‌وانه‌یه‌ هاندریك بێت بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كرده‌وه‌.

سانتیاگۆ له‌ سوپای ئه‌مریكا خزمه‌تی كردووه‌ و ساڵی 2010  له‌ عێراق بووه‌، پاش ئه‌وه‌ی له‌ ئالاسكاوه‌ گه‌یشته‌ فڕۆكه‌خانه‌ی فلۆریدا، به‌ چه‌كی ئۆتۆماتیك  ته‌قه‌ له‌و خه‌ڵكه‌ كرد كه‌ له‌ به‌شی جانتاكان كۆ ببوونه‌وه‌.

كۆمیسه‌ری ناوچه‌ی برۆوارد له‌ تویتێكدا رایگه‌یاند هیرشكاره‌كه‌ چووه‌ ژووری ئاوده‌ست بۆ پڕكردنه‌وه‌ی چه‌كه‌كه‌ و هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و ته‌قه‌ی كرد.

به‌ گوته‌ی شایه‌دحاڵانیش ته‌نیا ئه‌و كاته‌ له‌ ته‌قه‌كردن وه‌ستاوه‌ كه‌ گوللـه‌كانی ته‌واو بوون و هه‌ر ئه‌و كاته‌ خۆی راده‌ستی پۆلیس كرد.

سانتیاگۆ  له‌ ساڵی 2007 تا 2016 له‌ پاسه‌وانی نیشتیمانی پوئێرتۆ ریكۆ و پاسه‌وانی نیشتیمانی ئالاسكا خزمه‌تی كردووه‌ و ساڵی 2010 بۆ عێراق ره‌وانه‌ كرا و بۆ ماوه‌ی ساڵێك له‌ به‌تالیۆنی ئه‌ندازیاری سوپای ئه‌مریكا له عێراق مایه‌وه‌. و پاش گه‌ڕانه‌وه‌شی تووشی حاڵه‌تێكی ده‌روونی بوو و به‌هۆی هه‌وڵدان بۆ خنكاندنی ده‌ستگیرانه‌كه‌ی دادگایی كرا و هه‌روه‌ها به‌هۆی كیشه‌ی ده‌روونی ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كرا.