پارتی گەڕی دووەمی دانووستان لەگەڵ لایەنەكان تاوتوێ دەكات

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ چەند پرسێكی سیاسی كۆدەبێتەوە

K24 – ھەولێر

ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆدەبێتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا گۆڕانكارییەكان و گەڕی دووەمی دانووستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان تاوتوێ دەكات.

كوردستان24 زانیویەتی ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ تاوتوێكردنی گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان ناوچەكە و گەڕی دووەمی دانووستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ئامانجی دۆزینەوە رێگەچارە بۆ كێشەناوخۆییەكان كۆدەبێتەوە.

لە 20/11/2016، مەسعوود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا بۆ لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، داوای کرد لایەنە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەناوخۆییەکانی گفتوگۆ بکەن، بارزانی داواشیکرد گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی و حکوومەت بکەن.

دوای پەیامەکەی بارزانی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک دەستپێشخەری شاندێکی بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان پێکھێنا و گەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی لەگەڵ حزبەکان دەستپێکرد، بڕیاریشە لە چەند رۆژی داھاتوودا گەڕی دووەمی دانووستانی شاندی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەست پێبكات.