لەبارەی كاندیدانی ماستەر و دكتۆرا وەزارەتى خوێندنى باڵا روونكردنەوە دەدات

"ئەو کاندیدانەى کە خۆپیشاندانیان کردووە بەپێى ئەو رێنماییانە وەرگیراون ئاگادارى سەرجەم مەرجەکان"

"ئەو کاندیدانەى کە خۆپیشاندانیان کردووە بەپێى ئەو رێنماییانە وەرگیراون ئاگادارى سەرجەم مەرجەکان"

K24 – ھەولێر

وەزارەتی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا لەبارەی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی كاندیدانی ماستەر و دكتۆرا دەڵێ: "ئەو کاندیدانەى کە خۆپیشاندانیان کردووە بەپێى ئەو رێنماییانە وەرگیراون، ئاگادارى سەرجەم مەرجەکان و بەتایبەت مەرجى توانستى زمانى ئینگلیزین، واتا وەرگرتنیان مەرجدارە".

لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا ھاتووە: "رێنماییەکانى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا لەلایەن لێژنەى باڵاى خوێندنى باڵا ئامادە دەکرێت و لەلایەن ئەنجوومەنى وەزارەت کە سەرۆکى سەرۆکى سەرجەم زانکۆکان تیایدا ئەندام و لەلایەن وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرۆکایەتى دەکرێت بڕیارى لەسەر دراوە، لە مانگى چوارى ساڵى قابردوو بڵاوکراوەتەوە لە رۆژنامەى وەقائیعى کوردستان، بۆیە بەهایەکى یاسایى وەرگرتوە و گۆڕانکارى تێدا ناکرێت".

لە روونكردنەوەژەدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە: "بۆمان دەرکەوت کە خۆپیشاندانەکەیان بەبێ وەرگرتنى مۆڵەت لە پارێزگار و وەزارەتى ناوخۆ ئەنجامداوەو هیچ داواکاریەکیان بۆ ئەو خۆپیشاندانە پێشکەش بەلایەنى پەیوەندیدار نەکردووە، بێڕێزیەکى زۆریان بەرامبەر بەشکۆى وەزارەت و کارمەندانى وەزارەتەکەمان کرد".

 

دەقی روونكردنەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا

دوێنێ یەک شەممە، ڕێکەوتى (8/1/2017) ژمارەیەک لە کاندیدەکانى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا خۆپیشاندانێکیان لە بەردەم وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجامدا و، یادشاتنامەکیان خوێندەوەو دواتر هەڵیان کوتایە سەر دیوانى وەزارەت، بۆیە وەک خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەپێویستى دەزانین ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ڕاى گشتى بڵاوبکەینەوە:

  1. دواى ئەوەى بەدواداچونمان بۆ کرد، بۆمان دەرکەوت کە خۆپیشاندانەکەیان بەبێ وەرگرتنى مۆڵەت لە پارێزگار و وەزارەتى ناوخۆ ئەنجامداوەو هیچ داواکاریەکیان بۆ ئەو خۆپیشاندانە پێشکەش بەلایەنى پەیوەندیدار نەکردوە.
  2. دیاریکردنى مەرجى توانستى زمانى ئینگلیزى بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا بەشێکە لە پڕۆسەکانى ڕیفۆرمى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى ناوەندەکانى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان.
  3. ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا لەلایەن لێژنەى باڵاى خوێندنى باڵا ئامادە دەکرێت و لەلایەن ئەنجوومەنى وەزارەت کە سەرۆکى سەرۆکى سەرجەم زانکۆکان تیایدا ئەندام و لەلایەن جەنابیەوە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرۆکایەتى دەکرێت بڕیارى لەسەر دراوە، پاشانیش لە مانگى چوارى ساڵى ڕابردو بڵاوکراوەتەوە لە ڕۆژنامەیى وەقائیعى کوردستان، بۆیە بەهایەکى یاسایى وەرگرتوە و، گۆڕانکارى تێدا ناکرێت.
  4. ئەو کاندیدانەى کە خۆپیشاندانیان کردوە بەپێى ئەو ڕێنماییانە وەرگیراون و، ئاگادارى سەرجەم مەرجەکان و بەتایبەت مەرجى توانستى زمانى ئینگلیزین، واتا وەرگرتنیان مەرجدارە.
  5. ئێمە وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داوامان لەکەس نەکردوە تا داوا پێشکەش بکەن بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، بەڵکو ئەوە خودى کاندیدەکانە کە بەمەرجەکان ڕازیبون و داوایان پێشکەشکردوە، ئەگەڕ ئێستاش پابەندى مەرجەکان نابن ئەوا ڕێکەوتنەکە هەڵدەوەشێتەوە.
  6. وەزارەتەکەمان جەخت لە جێبەجێکردنى ڕێنماییەکان دەکاتەوە و، هاوشێوەى زانکۆ پێشکەوتوەکانى دنیا بەپێیى ڕێنماییەکان دەرفەتى ساڵێکى بەکاندیدەکان داوە بۆ ئەوەى خۆیان تەرخان بکەن بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زمانى ئینگلزى و بەدەستهێنانى نمرەى پێویست.
  7. هەرچەندە لێپرسراوانى باڵا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەوڵى زۆریانداو ئامادەیى نیشاندا لە نزیکەوە لەگەڵ نوێنەرى خۆپیشاندەران کۆببێتەوەو گوێ لە داواکانیان بگرن، بەڵام ئامادەنەبون لەگەڵ لێپرسراوانى باڵا لە وەزارەت کۆببنەوە، کەچى دواتر بەڕێگەیەکى نەشیاو هەڵیانکوتایە سەر وەزارەتەکەمان و، بێ ڕێزیەکى زۆریان بەرامبەر بەشکۆى وەزارەت و کارمەندانى وەزارەتەکەمان کرد، لەگەڵ ئەوەشدا لێپرسراوانى وەزارەت وەک ئەرکێکى بەرپرسیارێتى لەگەڵیان کۆبوەوەو گوێیان لە داواکانیان کرد.

لە کۆتایدا جارێکى دیکە وەزارەتەکەمان جەخت لە جێبەجێکردنى تەواوى ڕێنماییەکان وەک خۆى دەکاتەوەو ، هەر قۆتابى/ خوێندکارێک پابەندى مەرجەکان نەبێت وەزارەت و زانکۆکان ئەو ڕێکەوتنە مەرجدارە بەپێیى ڕێنماییەکان هەڵدەوەشێننەوە.