ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری ئینستیتوتی كورد له رووسیا كۆچی دواییكرد
K24 – هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی رۆژی ٧-١-٢٠١٧ مامۆستا و نوسه‌ری كورد (د.عه‌لی عه‌بدولكه‌ریم عه‌لی) كۆچی دوایی كرد، ئه‌مرۆ له مه‌راسیمێكدا به ئاماده‌بوونی كه‌س و كار و هاوڕێیانی له شاری مۆسكۆ به‌خاك سپێردرا.
مامۆستای ناوبراو له دایك بووی شاری سلێمانیه و په‌یمانگای مامۆستایانی له شاری به‌غدا ته‌واوكردووه و پاشان بۆ خوێندنی باڵا رووی كردۆته رووسیا.
د.عه‌لی خاوه‌نی چه‌ندین په‌رتووكه له بواری جوگرافی كه ئێستا وه‌ك پڕۆگرامی خوێندن له زانكۆكانی وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌خوێندرێن. هه‌روه‌ها خاوه‌نی رۆمانێكه به ناوی (ساله شێت كێ كوشتی) كه له‌م رۆمانه‌دا باس له بارودۆخی ساڵانی نیوه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌كات.
د.عه‌لی یه‌كێك بوو له ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی ئینستیتوتی كورد له رووسیا و ساڵی ٢٠٠٥ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك نوسه‌ر و كه‌سایه‌تی كورد له رووسیا و وڵاتانی سۆڤیه‌تی پێشوو به‌شداری ده‌كات له كۆنفرانسێك له ژێر ناوی بارودۆخی كوردۆلۆژی له سۆڤیه‌تی پێشوو.
هه‌مانكات له‌گه‌ڵ شانده‌كه سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.
دواجار له شاری مۆسكۆ له ٧-١-٢٠١٧ بۆ یه‌كجاری ماڵئاوایی كرد و ئه‌مڕۆ ١٠-١-٢٠١٧ له شاری مۆسكۆ به‌خاك سپێردرا.