ترامپ زاواكه‌ی ده‌كاته گه‌وره راوێژكاری كۆشكی سپی
K24 - هه‌ولێر:
دۆناڵد ترامپ، 45ه‌مین سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا، جارید كوشنه‌ری زاوای به گه‌وره راوێژكاری كۆشكی سپی ده‌ستنیشانكرد.
كوشنه‌ر، ته‌مه‌ن 35 ساڵ، هاوسه‌ری ئیڤانكای كچه گه‌وره‌ی ترامپه و رۆڵێكی گه‌وره‌ی له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ترامپدا هه‌بوو.
زاواكه‌ی ترامپ كۆمپانیای وه‌به‌رهێنان و په‌ره‌پێدانی كه‌رتی خانووبه‌ره و چه‌ند كۆمپانیایه‌كی دیكه‌ی بازرگانی هه‌یه و ئه‌ركه نوێیه‌كه‌ی له كۆشكی سپی، په‌یوه‌ندی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه.
ده‌ستنیشانكردنی كوشنه‌ر بۆ ئه‌و پۆسته باڵایه، مشتومڕی زۆری لێكه‌وتووه‌ته‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشانكردنی كه‌سی نزیك له پۆستێكی وا باڵادا، ره‌نگه ببێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ململانێ له داهاتوو.
ترامپ، له باره‌ی جاریدی زاوایدا ده‌ڵێت: "جارید كه‌سێكی گه‌وره‌ی پشتپێبه‌ستراو و راوێژكارێكی متمانه‌پێكراوه له ته‌واوی ماوه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا و شانازی به‌وه‌ش ده‌كه‌م رۆڵی سه‌ركردایه‌تییه‌كی دیار ده‌بینێت له ئیداره‌كه‌م".
هه‌رچه‌نده له رووی یاساییه‌وه نابێت به‌رپرسان پله و پۆست بده‌نه كه‌سانی نزیكی خۆیان له كۆشكی، هاوكات رێگه‌پێدراویش نییه هیچ یه‌كێك له به‌رپرسانی كۆشكی سپی، كۆمپانیای بازرگانی هه‌بێت.
تۆڕی ته‌له‌ڤزیۆنی ئێن بی سی، له زاری پارێزه‌ری كوشنه‌ر، بڵاویكردووه‌ته‌وه، كوشنه‌ر پابه‌نده به ته‌واوی رێسا و یاسا ئه‌خلاقییه فیدرالییه‌كان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌رقاڵی راوێژكردنن به نووسینگه‌یه‌كی تایبه‌تی حكوومی، بۆ ئه‌وه‌ی رێكاره پێویسته‌كان بۆ ده‌ستبه‌كاربوونی كوشنه‌ر، بگرنه‌به‌ر".
دۆناڵد ترامپ، كاندیدی كۆمارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بوو و توانی له هه‌ڵبژاردنی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2016 سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت و بڕیاری دوای 10 رۆژی دیكه و 20ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2017، به فه‌رمی بچێته كۆشكی سپی و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكای راده‌ستبكرێت.
ا. م