شه‌ڕه قسه‌ی تره‌مپ له‌گه‌ڵ په‌یامنێرێكی سی ئێن ئین
K24 – هه‌ولێر
له یەكەم كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ، شه‌ڕه قسه نێوان ئه‌و و په‌یامنێری كه‌ناڵی سی ئێن روویدا و تره‌مپ رێگه‌ی پێ نه‌دا په‌یامنێره‌كه پرسیاری خۆی بكات.
تره‌مپ به شێوازێكی توند په‌یامنێره‌كه‌ی كه‌ناڵی سی ئێن ئێن كه ئاماده نه‌بوو واز له پرسیاره‌كه‌ی بهێنێت بێ ده‌نگ ده‌كات و پێی ده‌ڵێت "دامه‌زراوه‌كه‌تان ترسناكه و هه‌واڵی ساخته بڵاو ده‌كاته‌وه".
هێرشه‌كه‌ی تره‌مپ بۆ سه‌ر ئه‌و په‌یامنێره پاش ئه‌وه‌ی هات كه داوای لێ‌كرد رێگه‌ی پێبدات پرسیارێك بكات، به‌ڵام تره‌مپ به "نا" وه‌ڵامی دایه‌وه و به پێداگری په‌یامنێره‌كه بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ی پێبدات پرسیاری خۆی بكات، ئه‌و قسانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی پێكرد و رێگه‌شی پێ نه‌دا پرسیاره‌كه‌ی بكات و به ده‌ست ئاماژه به په‌یامنێرێكی دیكه‌ی ئاماده‌بووی كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی كرد بۆ ئه‌وه‌ی پرسیار بكات.
له كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له هاوینی 2016، تره‌مپ چه‌ندین جار هێرشی كرده سه‌ر كه‌ناڵی سی ئێن ئێن و به كه‌ناڵێكی دژی كه‌مپینی خۆی و لایه‌نگری كردن له هیلاری كلینتۆنی ركابه‌ر و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ساخته تۆمه‌تباری كرد، له‌وانه ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ڤلادمیر پوتین سه‌رۆكی روسیا و هاككردنی ئیمه‌یله‌كانی هیلاری و ناوه‌ندێكی پارتی دیموكراتی ئه‌مریكا هه‌بوو.
تره‌مپ له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كی ناكۆكی له‌گه‌ڵ ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی ئه‌مریكا هه‌بوو، به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی پرسی كۆچبه‌ران و ده‌ركردنی موسڵمانان و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ پوتین و زۆرێك له پرسه‌كانی دیكه‌ی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی ئه‌مریكا.
JS