بەرھەم ساڵح: مافی گەلی كوردە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات

دەستووری عێراق جێبەجێ نەكراوە و ویستی ئێمەی نەھێناوەتەدی
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بەرھەم ساڵح، جێگری سكرتێری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لە پانێلێكدا لە كۆنفرانسی گفتتوگۆی بەغدا رایگەیاند، دەستووری عێراق بەشێكی زۆر لە كێشەكانی كوردی چارەسەر كردووە، بەڵام جێبەجێ نەكراوە، مافی گەلی كوردە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات یەكێك لەو بڕیارانەش سەربەخۆییە.

لە گوتارەكەیدا دكتۆر بەرھەم ساڵح گوتی: "گەورەترین رووبەڕووبوونەوە ئەوەیە چینێكی سیاسی نوێ دروست بكەین، سەركەوتنمان لە موووسڵ سەركەوتنێكی گەورە دەبێت بۆ عێراقییەكان، لە ھەمانكاتدا دەبێ سەركەوتنی مووسڵ ببێتە ساتێك بۆ پێداچوونەوە بە كێشەكانی ئەم وڵاتە، گەورەترین پرسیاری عێراقییەكان لەبەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەییە چۆن توندوتیژییەكان رابگرین، چۆن وا بكەین شكستی خەلافەتی داعش ببێتە سەرەتای كۆتایی توندوتیژی و بنبڕكردنی ئەم ھزرە تیرۆرستیانە".

ئەوەشی خستەڕوو: "راستە دوای روخاندنی رژێمی بەعس كۆمەڵێك دەسكەوت بە دەستھاتوون، بەڵام دەبێ دانیش بەوە دابنێین كە ئێمە شكستمان خوارد لە پڕۆسەی سیاسیدا، پرسیار ئەوەیە چۆن چارەسەری ئەم شكستانە بكەین، باشترین سەرەتا ئەوەیە دان بە شكست دابنێین، پێویستە گفتوگۆیەكی راستەقینە لەگەڵ یەكتر بكەین و گفتوگۆەیەك لە بەغدا بكرێت و ھەموولایەك بەراشكاوانە راوبۆچوونیان بخەنەڕوو".

دكتۆر بەرھەم باسی لەوەشكرد: "ئێمەی كورد بەشداربووین لە نووسینەوەی دەستووری ئەم وڵاتە، دەستوور بەشێكی زۆر لە كێشەكانی ئێمەی چارەسەركردووە، بەڵام دەستوور جێبەجێ نەكراوە و ئەو دەستوورە دید و بۆچوون و ویستی ئێمەی نەھێناوەتەدی، بەھەمانشێوە بەشێك لە عێراقییەكان پێیانوایە كوردەكان زیاد لە پێویست مافی خۆیان وەرگرتووە، ئەمە كێشەی عێراقە، نامەوێ بڵێم كێ بەرپرسە، ئەو پرسە پرسێكە دەبێ گفتوگۆی لەسەر بكەین، پێویستە بەغدا كێشەكانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان چارەسەر بكات، كێشەكە خۆی لە یەك پرسیار دەبینێتەوە، كورد دەیانەوێت لە چوارچێوەی عێراق بمێنەوە یان لە عێراق جیاببنەوە، مافی گەلی كوردە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات یەكێك لەو بڕیارانەش سەربەخۆییە، پێویستە كورد لەنێوخۆیدا خۆیی یەكلا بكاتەوە و كە لەنێوخۆمان رێككەوتین بێینە بەغدا و ئەم پرسە یەكلا بكەینەوە نەك بچنە تاران و ئەنقەرە و واشنتن، ئەگەر دەمانەوێ بەڕاستی سەربەخۆیی بە دەست بێنین، دەبێ ھەموو ئەو ئەنجامانە بگرینە ئەستۆی خۆمان بگرینە ئەستۆ كە سەربەخۆیی بۆ ئێمەی دێنێتەدی".

لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "پێكھاتەی سوننی پێكھاتەیەكی گرنگە لە عێراق، پێكھاتەیەكی ھەرە گرنگە بۆ چارەسەركردنی ھزری توندڕەوی و تەكفیری، ئەگەر بمانەوێت رێگە لە داعشێكی دیكە بگرین دەبێ سوننەكان بەشداربن لە حوكمی عێراق، لە ھەمانكاتدا دەبێ ئەوانیش بەرپرسیاریەتی خۆیان بخەنە ئەستۆ".