دەربارەی: توتن و زیانەکانی جگەرە لە دوا راپۆرتی WHO

Kurd24

بەگوێرەی دوا ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (World Health Organization) WHO لەگەڵ ئینستیتوتی شێرپەنجە لە ئەمریکا National Cancer Institute in the US، کە پێش هەفتەیەک بە قەبارەی ٦٨٨ لاپەڕە بڵاوکرایەوە، ساڵانە شەش ملیۆن کەس بە بەکارهێنانی توتن و نەخۆشییەکانی لە توتن و جگەرەکێشانەوە سەرهەڵدەدەن گیان لەدەست دەدا و لە ساڵی 2030 بەدواوەش ژمارەیان بۆ هەشت ملیۆن بەرزدەبێتەوە.

هەروەها بەگوێرەی هەمان ڕاپۆرت، خەرجی ساڵانەی جگەرە کێشان بە هەزار ملیارد دۆلاری ئەمریکی خەملێندراوە. ئەو بڕە پارە زۆرە جگە لە خەرجی نەخۆشخانە، بێگومان کارنەکردن و خاوکردنەوەی بەرهەمیش لەخۆ دەگرێ.

بەگوێرەی ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرس بە رێژەی 80٪ زیانەکانی جگەرەکێشان و مردن، بەرۆکی وڵاتانی دواکەوتوو و داهات نزم (جیهانی سێ) ی گرتۆتەوە. هەرچەندە جگەرەکێشان کەمدەبێتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ژمارەی جگەرەکێش زیاد دەکا، خەرجییەکانیش بەرزدەبنەوە و حکومەتەکانیش زۆر کارناکەن، بۆئەوەی ژمارەی جگەرەکێشیان کەم بکەنەوە.

کەمتر لە یەک ملیارد دۆلار لە ساڵەکانی 2013  و 2014 بۆ کۆنترۆلکردنی توتن لە جیهان خەرجکراوە.

تەنیا لە ساڵی 2013 لە وڵاتی دانمارک توتن و جگەرە 39 ملیارد کرؤن (پێنج ملیارد دۆلاری ئەمریکی) لەسەر حکومەت کەوتییە و مەشروباتی روحی (ئەلکحول) هەر لە دانمارک و لە هەمان قۆناغ نزیکەی یەک ملیارد دۆلار لەسەر دەوڵەتی دانمارک کەوتییە.

بۆئەوەی ژمارەی بەکارهێنەرانی جگەرە و توتن لە ئەوروپای رۆژئاوا کەمبێتەوە، لە باڕ و چێشتخانە و کافیتێریاکان جگەرەکێشان بە تەواوەتی قەدەغە کراوە یانیش شوێنی تایبەتیان بۆ تەرخان کراوە. لە سوپەرمارکێتەکان پاکەتی جگەرە لە شوێنی تایبەت و دوور لە چاوی خەڵک داندراوە.

جگەرە بە منداڵ و مێرمنداڵ نافرۆشترێ و لە زۆر وڵات رێکلام بۆ جگەرە و توتن دەمێکە قەدەغە کراوە و زەریبەی زۆریش خراوەتە سەر توتن و جگەرە. ئەم هەوڵانەی سەرەوە لە ئەوروپای رۆژئاوا ژمارەی جگەرەکێشیان کەمکردۆتەوە، بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویست نییە و دەبی کاری زۆرتری لەسەر بکرێ.

هەوڵی دیکەش بۆ وازهێنان لە جگەرە بەردەوامە، وەک بەکارهێنانی پلۆستەر و دروستکردنی جگەرەی ئێلیکترۆنی. جگەرەی ئێلیکترۆنی دروستکرا، زیاتر بۆ ئەوانەی دەیانەوێ واز لە جگەرە کێشان یان توتن بێنن. زۆر کەس لەوبڕوایەدابوون جگەرەی ئێلیکترۆنی هیچ زیانی بۆ بەکاربەران نییە، بەڵام بەگوێرەی دوا توێژینەوەی نەخۆشخانەی داندرید Danderyd لە ستکهۆڵم، جگەرەی ئێلیکترۆنی E-cigarettes کاریگەری خراپی لەسەر دەمارەکانی خوێن و بۆ سەر سییەکانیش هەیە، لەگەڵ ئەوەش دەبی بنووسرێ، جگەرەی ئێلیکترۆنی زیانی لە جگەرەی توتن کەمترە.

لە ساڵی 2015 بەهەمووی 175  تاقیکردنەوە لەسەر جگەرەی ئێلیکترۆنی و زیانەکانی ئەنجامدران. لەوانە 32 تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ و 11 تاقیکردنەوەش لەسەر ئاژەل بوو.

ژمارەی بەکاربەرانی جگەرەی ئێلیکترۆنی بەردەوام لەزیادبووندایە. لە ساڵى 2011 بە ڕێژەی 1.5٪ قوتابییانی ئامادەیی لە ئەمریکا جگەرەی ئێلیکترۆنیان دەکێشا، لە ساڵی 2015 ئەم ڕێژەیە بۆ 16٪ لەناو هەمان چین بەرزبۆوە.

زانایان لەوبڕوایەدان، هەموو جگەرەیەکی داگیرساو لە کارگەیەکی بچووکی کیمیا دەکا، کە نزیکەی 7000 مژار (مواد - substances) بەرهەم دێنی و لەناو ئەوانە نزیکەی 60 مژار دەبنە هۆی نانەوەی نەخۆشی شێرپەنجە و نەخۆشی دڵ.

لەوکاتەی کریستۆفەر کۆڵۆمبۆس (Christopher Columbus) لە ساڵی 1492 گەیشتنە ئەمریکا، هیندییەکانی ئەراواک Arawak Indians توتنیان پێیدا. ئەوان لەوکات توتنیان وشک دەکردەوە و هوردیان دەکرد و لەناو پەلکی مایس (شەندەری) لولیان دەدا ئینجا دایان دەگیرساند و دەیانکێشا. هیندییەکان بەجۆری دیکەش جگەرەیان دەکێشا. ئەوان توتنیان لەناو قەمیش دەکرد (دارجگەرە) و دەیانکێشا. بەڵام لە هەموویان ئاساییتر بێگومان لەناو پایپ بوو. تێکردنی توتن لەناو پایپ و دواتر کێشانی زۆر پێش کۆلۆمبۆ لە ئەمریکا هەبووە. لە دۆڵەکانی مسیسیپی Mississippi پایپ دۆزراوەتەوە، تەمەنی لە هەزار ساڵ زیاتر بووە. بۆ هیندییە سورەکانی ئەمریکا لە کۆن، پایپکێشان بۆنەیەکی (سێرمۆنیێکی) گرنگی ئایینی و سیمبۆلی ئارامی و ئاشتی بووە.

لە سەدەی شازدەوە ئەوروپییەکانی لە ئەمریکای لاتین دەژیان، دەستیان بە توتن چاندن کرد و ئەم چاندنەش لە بەرازیل و کۆڵؤنییەکانی باکوری ئەمریکا دەستی پێکرد.

لە ساڵی 1560 توتن بۆ ئەوروپا هات و یەک لەوانەی زوتر لەوانەی دیکە لە لیسبون (پورتوگال) دەستی بە توتن چاندن کرد، سەفیری فەرەنسی  Jean Nicotبوو. ئەو توتنی بۆ وڵاتی خۆی (فەرەنسا) برد و بەگزادەکانی فێری جگەرە کێشان کرد. توتن هەر بەناوی ئەویش Nicot بڵاوبۆوە و دواتر ناوی زانستی nicotiana ی لێندرا.

دروستکردنی جگەرە لە شێوەی جگەرەی ئێستا بۆ جاری یەکەم لە مێژوو لە سەدەی پازدەوە لە Sevilla لە ئیسپانیا دەستی پێکرد. خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت بەشە خراپەکانی توتنیان هەڵدەگرتەوە و وردیان دەکرد و لەناو کاغەزێک لولیان دەدا و دەیانکێشا. لەوکات بەوجۆرە جگەرانەیان دەگوت: cigarillos زۆر لەوبڕوایەدان ئەم وشەیە لە هیندییەکانی مایا وەرگیرایە، کە بە زمانی ئەوان ئەم ووشەیە بۆ دووکەڵ و کێشان لەوکات بەکار دەهات. هەر لە Sevilla یەکەم کارگەی دروستکردنی جگەرە لە سەدەی 17 دامەزرا و ژن کاریان تێدا دەکرد و بەدەست جگەرەکانیان دەپێچایەوە و لوول دەدا.