مه‌سرور بارزانی: هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مریكا له‌ داڕشتنه‌وه‌ی داهاتووی ناوچه‌كه‌ پێویستییه‌كی گرنگه‌‌

له‌ناو كۆنگرێسدا ژماره‌یه‌كی زۆر ئه‌ندام هه‌ن هاوسۆزی دۆزی كورد‌ن.

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ ئاده‌م شیف، ئه‌ندامى كۆنگرێسی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، به‌شداری كارای ئه‌مریكا له‌ مه‌یدانی سیاسه‌تی ناوچه‌كه‌ به‌شێكه‌ له‌ چاره‌سه‌رو ده‌بێته‌ فاكته‌رێكی گرنگی سه‌قامگیری و روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ ناوچه‌كه‌دا.

له‌ دیدارێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 16ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2017 به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆ له‌باره‌ی فره‌وانكردنی هاوكارییه‌كان و ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و ئاینده‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرا و دووپات له‌ به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندی پته‌وی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كرایه‌وه‌.

له‌و باره‌وه‌ مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌ رۆڵی ئه‌مریكا وه‌ك فاكته‌رێكی چاره‌سه‌ر و سه‌قامگیری دا و رایگه‌یاند، هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی زیاتر نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مریكا له‌ داڕشتنه‌وه‌ی داهاتووی ناوچه‌كه‌ پێویستییه‌كی گرنگه‌‌.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا تیشكی خسته‌ سه‌ر قۆناغی پاش داعش و نه‌بوونی متمانه‌ و میكانیزمی داڕشتنه‌وه‌ی ئاینده‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا ئاده‌م شیف، پێزانینی زۆری خۆی بۆ رۆڵی هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی جیهانی دژ به‌ تیرۆر ده‌ربڕی و رایگه‌یاند، ده‌خوازم سوپاستان بكه‌م بۆ به‌شداری و هاوكاریكردنتان له‌ روبه‌ڕووبونه‌وه‌ و نه‌هێشتنی تیرۆردا، كه‌ رۆڵێكی زۆر كاریگه‌ر و سوودبه‌خشه‌.

هه‌روه‌ها وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی پاڵپشتی و هاوسۆزی خۆی بۆ‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد به‌ڵێنی زیاتركردنی یارمه‌تی و پشتیوانی ئه‌مریكا له‌ دۆزی كورد دا و رایگه‌یاند، له‌ناو كۆنگرێسدا ژماره‌یه‌كی زۆر ئه‌ندام هه‌ن هاوسۆزی دۆزی كورد‌ن و به‌‌ یه‌كێك له‌ هاوپه‌یمانه نزیكه‌‌كانی ئه‌مریكا له‌ناوچه‌كه‌دا وه‌سفی ده‌كه‌ن.