ئەمریكا وێنەكانی گرتوخانەی ئەبوغرێب بڵاو دەكاتەوە

تایبەتە بە وێنەكانی ئەشكەنجەدان و مامەڵەی خراپی سەربازانی ئەمریكا بەرامبەر زیندانیانی گرتووخانەی ئەبوغرێب

- ھەولێر

دادوەرێکی فیدراڵی ئەمریکا بڕیاری بڵاوكردنەوەی وێنەکانی گرتوخانەی ئەبوغرێب بۆ وەزارەتی بەرگری وڵاتەكەی دەرکرد.

بڵاوبوونەوەی وێنەكانی ئەشكەنجەدان و مامەڵەی خراپی سەربازانی ئەمریكا بەرامبەر زیندانیانی گرتوخانەی ئەبوغرێب پاش شەڕی 2003 كاردانەوەیەكی توندی عێراقی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە.

بە پێی بڕیاری ئالفین هیلێرستین دادوەری نیویۆرک، وەزارەتی بەرگری پابەند كراوە وێنەکانی گرتوخانەی ئەبوغرێب و مامەڵەی سەربازە ئەمریکییەکان لەو گرتووخانەیە بڵاو بكاتەوە.

بڵاوبوونەوەی وێنەی پێشێلکارییەکانی سەربازە ئەمریکییەکان بەرامبەر زیندانییە عێراقییەکان لە گرتووخانەی ئەبوغرێب لەساڵی 2004، سەرباری كاردانەوەی توندی بەرپرسانی ئەمریكا، چەندین سەرباز لەسەر ئەو کەیسە دادگاییکران.

گرتووخانەی ئەبوغرێب دەكەوێتە 32 كیلۆمەتری رۆژئاوای بەغدا و لە ساڵی 1950 لە لایەن پەیمانكارانی بەریتانی دروستكراوە و لە ماوەی شەڕی 2003  كەوتە ژێر دەستی ئەمریكا و لە ساڵی 2006 رادەستی حكومەتی عێراقی كردەوە و لە ساڵی 2014 داخرا.

لە مانگی نیسانی 2004 وێنەی ئەشكەنجەدانی زیندانیان لە لایەن سەربازانی ئەمریكا بڵاو كرایەوە، لە وانە كوشتن، دەستدریژی، سووكایەتی و لێدان و شێوازەكانی دیكەی ئەشكەنجەدان.