نێچیرڤان بارزانی: ھەفتەی داھاتوو لەگەڵ یەكێتی كۆدەبینەوە

ئەمجارە دەچینە ناو وردەكارییەكان
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند ھەفتەی داھاتوو لەگەڵ یەكێتی كۆ دەبینەوە ئەمجارە دەچینە ناو وردەكارییەكان، بە پێچەوانەی كۆبوونەوەی پێشوو كە بە شێوەیەكی گشتی باس لە كێشەكان كرا.

سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەشداری پێشانگەیەكی مێژوویی و كلتوری كرد و لە پەراوێزی پێشانگەكە، وەڵامی پرسیاری پەیامنێرانی دایەوە.

لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری كوردستان24، لە بارەی كۆبوونەوەكانی ئەم دوایەی لایەنە سیاسییەكانی ھەرێم بەتایبەتی پارتی و یەكێتی، نێچیرڤان بارزانی گوتی ھەفتەی داھاتوو لەگەڵ یەكێتی كۆ دەبینەوە و دەچینە ناو وردەكارییەكان.

چارەسەركردنی كێشەكانیش بە بەرپرسایەتی پارتی و یەكێتی زانی، بە تایبەتی بۆ دیاریكردنی چۆنییەتی حوكمڕانی لە ھەرێمی كوردستان.

لە بارەی پێكھێنانی لیژنەی ھاوبەشیش، ئاماژەی بەوەدا تا ئێستا ھیچ بڕیارێك نەدراوە، بەڵام وەك پارتی لەگەڵ ئەوەدان لیژنەی ھاوبەش پێك بھێنرێت.

گوتیشی لارێمان نییە بە ھاوبەشی لەگەڵ یەكێتی سەردانی لایەنەكان بكەین.

لە كوتاییشدا، راگرتنی نەوتی كەركوك بۆ بوونی كێشەیەكی تەكنیكی گەڕاندەوە.

JS