مەسرور بارزانی: ھێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا دەتوانێت ببێتە پردێک بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان

لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا ھەماھەنگی ھەبێت و گرنگی پێ بدات، لەبەرئەوەی تاکە ھێزی کاریگەر و فرەلایەنیی رۆژئاوای کوردستانە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، داوای لە بەرپرسانی ئەمریکا کردووە لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا ھەماھەنگیان ھەبێت و گرنگیان پێ بدەن، لەبەرئەوەی ھێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا تاکە ھێزی کاریگەر و فرەلایەنیی رۆژئاوای کوردستانن و ژمارەی ئەو ھێزەش، نزیکەی 3300 پێشمەرگە دەبن.

لەراپۆرتێکدا رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ئاشکرای دەکات ئیدارەی ئۆباما رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە بووتەوە، بەوەی بڕیاری کۆتایی بدات و دەست بکات بە ھاوکارییی سەربازیی راستەوخۆی کوردانی سووریا، یانیش ئەو بڕیارە بۆ ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپ بەجێبێڵێت.

رۆژنامەكە بڵاوی کردۆتەوە لەمیانەی سەردانەکەی مانگی رابردووی مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بۆ واشنتۆن، داوای لە ئیدارەی ئۆباما کردووە لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا کار بکات، چونکە ئەو ھێزە دەتوانێت ببێتە پردێک بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان و ببنە فاکتەرێکیش بۆ دامرکاندنەوەی گرژییە سیاسییەکانی ناوچەکە.

نیویۆرک تایمز ئەوەشی ئاشکرا کردووە ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پێیان وایە یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" کاریگەرترین ھێزن لەدژی داعش لە سووریا و ئێستاش نزیکبوونەتەوە لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری رەقە و ئەمریکاش لەپلانی دایە ھاوکاریی زیاتری ئەو ھێزە بکات و مەشقیان پێ بکات و لەو بڕوایەشدان، کارکردن لەگەڵ ھێزێکی نوێ رەنگە ئۆپەراسیۆنی رەقە بۆ چەند مانگێک دوابخات و کارێکی زەحمەتیش بێت.

رۆژنامەکە باس لەوەش دەكات  ھاوکارییکردنی یەپەگە، ئەمریکا دەخاتە ھەڵوێستێکی خراپەوە، بەوەی یەپەگە ھەمیشە لەلایەن تورکیاوە بە گروپێکی تیرۆرستی ناو دەبرێت و تۆمەتباری دەکات بەوەی باڵی پەکەکەیە لە رۆژئاوای کوردستان.

ھەروەھا نیویۆرک تایمز، نووسیوویەتی ئیدارەی ئۆباما لەدوا رۆژەکانی دەسەڵاتیدا ناچارە ئەو بڕیارە پەلەیە بدات، لەبەرئەوەی ئەگەر ئەو بڕیارە بۆ ئیدارەی نوێ بەجێبێڵێت، ئەوا ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی رەققە بۆ چەندین مانگی دیکە دوا دەخات.

برێت مەکگۆرک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە دژی داعش لەو بارەیەوە دەڵێ، شەڕی رەققە  شەڕێکی قورستر دەبێت لە چاو شەڕی موسڵ، لەبەرئەوەی لە رەققە لەگەڵ حکومەت کار ناکەیت و لەگەڵ ھەندێ ھێزی لۆکاڵی کار دەکەیت کە ھاوپەیمانان دەیانەوێت بیانکەنە ھێزێکی رێکخرا و بەتوانا.

رۆژنامە ئەمریکییەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە لەسەرەتایی ئەم ھەفتەیە، ئۆباما لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی ئیدارەکەی کۆبۆتەوە، بەمەبەستی بڕیاردان لەسەر ئەو خاڵە، بەڵام لەکۆبوونەوەکە نەیانتوانیوە بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن و پێشناچێت ئەوەندە کاتیان لەبەردەست بێت بۆ بڕیاردان لەسەر ھاوکارییکردنی ھێزەکانی رۆژئاوای كوردستان.

JS