قەزای تلكێف بە تەواوەتی كۆنترۆڵكرا

كۆنترۆڵكردنی سەنتەری قەزای تلكێف ھاوكاتە لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی تەواوی بەری چەپی موسڵ

K24 -ھەولێر

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی موسڵ "عبد الامير رشيد يارالله" كۆنترۆڵكردنی سەنتەری قەزای تلكێفی راگەیاند.

ھێزەكانی عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دوو میحوەرەوە ھێڕشیان كردە سەر سەنتەری قەزای تلكێف، پاش ئەوەی لە سەرەتاكانی ئۆپەراسیۆنی موسڵ، ھێزەكانی پێشمەرگە ناوچەكانی دەورووبەری سەنتەری قەزای تلكێفیان كۆنترۆڵ كرد و رێگەیان بۆ سوپای عێراق لە باكووری موسڵ كردەوە.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی موسڵ ھەروەھا گوتی "یەكەكانی فیرقەی نۆ و لیوای سێی فیرقەی یەك بە پشتگیری فڕۆكەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ھێزی ئاسمانی عێراق قەزای تلكیفیان بە تەواوەتی كۆنترۆڵ كرد و ئاڵِای عێراقیان لە سەر بیناكانی بەرز كردەوە، پاش ئەوەی دوژمن زیانێكی زۆری گیانی و كەرەستەی سەربازی بەركەوت و دەست بەسەر ژمارەیەكی زۆری چەك و تەقەمەنیش گیرا".

ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی سەنتەری قەزای تلكێف ھاوكاتە لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی تەواوی بەری چەپی موسڵ، رۆژێك پاش ئەوەی ھێزەكانی دژە تیرۆر كۆنترۆڵكردنی تەواوی گەڕەكانی رۆژھەڵاتی موسڵی راگەیاند.

فەرماندەی ده‌زگای دژه‌ تیرۆری عێراق تالب شغاتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی گوتی: "زیاتر له‌ 3300 چه‌كداری داعش لە كۆنترۆڵكردنی گەڕەكەكانی رۆژھەڵاتی موسڵ كوژراون‌ و 300 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی داعش پوچه‌ڵكراونەتەوە".

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ رۆژی 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به‌ به‌شداری 100 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی ده‌ستیپێكرد. پاش ئەوەی زۆربەی ناوچەكانی دەوروبەری موسڵ لە لایەن پێشمەرگەوە كۆنترۆڵكران، ئەمڕۆ پێنجشەممە 19 كانوونی دووەمی 2017 كۆنترۆڵكردنی بەری چەپی موسڵ راگەیەنرا.

JS