بارزانی له‌ داڤۆسه‌وه‌: زۆر گرنگە پارتی و یەكێتی رێككەوتنیان ھەبێت

ئیرھابێكی گەورە لە رۆژئاوای كوردستان ھەیە

K24 - داڤۆس:

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ په‌راوێزی كۆڕبه‌ندی ئابوورى جیهان، له‌ داڤۆس، بۆ رۆژنامه‌وانان رایگه‌یاند، 2016 ساڵی سه‌ركه‌وتنی كوردستان بوو و له‌ باره‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانيش دووپاتیكرده‌وه‌، هه‌رگیز واز له‌ پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ناهێنن.

بارزانی ئاماژه‌ی به‌ هه‌ڵوێستی سه‌ركرده‌كانی جیهان كرد و رایگه‌یاند، ئه‌وان به‌ ڕێزه‌وه‌ سه‌یری خه‌باتی كورد ده‌كه‌ن و وڵاتانی جیهانیش ئامادەن ھاوكاری گەلی كورد بكەن.

سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕی دژی داعش و ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ، بارزانى رایگه‌یاند، تێكشكانی داعش لە مووسڵ مانای لەناوچوونی یەكجارەكی داعش نییە و شه‌ڕ له‌ دژی ئه‌و رێكخراوه‌، درێژخایەن دەبێت.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ داڤۆسه‌وه‌ راشیگه‌یاند، له‌ باره‌ی سه‌ربه‌خۆیی گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ به‌غدا كردووه‌ و گوتی: "ده‌كرێ له‌گه‌ڵ به‌غدا دوو دراوسێی باش بين" و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه‌ ناتوانن كاتێكی دیاریكراو بۆ سەربەخۆیی دەستنیشان بكەن.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، رایگه‌یاند، هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا زیاتر سەربازییە.

سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسی پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا بارزانی رایگه‌یاند، ھێشتا كاتی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا نەھاتووە و دووپاتی له‌وه‌شكرده‌وه‌، ھەموو ھەوڵێك بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەدەن.

 

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، داڤۆس 2017
مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، داڤۆس 2017

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ رۆژنامه‌وانان له‌ داڤۆس، له‌ باره‌ی ره‌وشی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، زۆر گرنگه‌ پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتنیان هه‌بێت.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ئومێد هه‌یه‌ گفتوگۆكان بگه‌نه‌ ئه‌نجام و دەبێ تەواوی لایەنەكانی كوردستان بەشداری رێككەوتن بن.

بارزانی وێڕای ئه‌وه‌ی دووپاتیكرده‌وه‌، كه‌ ژماره‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان به‌رزه‌، جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌، ھەموو ھەوڵێك دەدەن قەیرانی دارایی چارەسەر بكەن و راشيگه‌یاند, ئێستا رەوشەكە لەبارە بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان

بارزانی تێڕوانینی تایبه‌تی خۆی بۆ ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا ده‌ربڕی و رایگه‌یاند، رەنگە ئیدارەی نوێی ئەمریكا ھاوكاری زیاتری كوردستان بكات.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، تایبه‌ت به‌ ره‌وشی رۆژئاوای كوردستان، رایگه‌یاند ئیرھابێكی گەورە لە رۆژئاوای كوردستان ھەیە و "گەشبین نیم بە داھاتووی رۆژئاوای كوردستان".

له‌ باره‌ی رێككه‌وتنی نوێی رووسیا و توركیا، بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی ئاسمانی هاوبه‌ش له‌ سووریا، بارزانی رایگه‌یاند، رێككەوتنەكە نییە و له‌ باره‌ی داهاتوو سووریاش، گوتی: "زۆر رەشبینم بە داھاتووی سووریا".

سه‌باره‌ت به‌ كشانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌گه‌ له‌ ناوچه‌ تازه‌ئازادكراوه‌كان، بارزانی دووپاتیكرده‌وه‌، پێشمەرگە لە شوێنە ناوچە تازە رزگاركراوەكان ناكشێتەوە.

بۆ پرسی شنگال و بوونی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌، رایگه‌یاند، رێگە نادەن پەكەكە چوارچێوەیەكی دیاریكراو بەسەر شنگال بسەپێنێت.