بارزانی: سەربەخۆیی کوردستان خەون نییە بەڵکو راستییەكە

پێشمەرگە رێگە بۆ پێشڕەوی سەربازانی عێراق لە موسڵ كردەوە

K24 - ھەولێر

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە دیمانەیەكی رۆژنامەی واشنتن پۆست رایگەیاند كوردستانی سەربەخۆ "نە دەنگۆیە و نە خەونە"، بەڵكو راستییەكە و كاری لەسەر دەكەین.

مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەو چاوپێكەوتنەدا ئەوەش دووپات دەكاتەوە، لە دەسپێكی شۆڕشی كوردی ئامانجی ئەو كوردستانێكی سەربەخۆ بووە و بە بەدیھاتنی ئەو ئامانجە،  ئەركی ئەو تەواو دەبێت.

یارمەتییەكانی ئەمریكا لە شەڕی دژی داعش و ئیدارەی نوێی ئەم وڵاتە

لە بارەی ھاتنەسەركاری سەرۆكی نوێی ئەمریكاشەوە دەڵێت، كە ھاریكاری ئیدارەی نوێی سەرۆك ترەمپ دەبن لە "تێكشكاندنی داعش" و ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە جەنگی دژی داعش لە دوو رووەوەیە، كە سەربازیی و ھزرییە پێوسیتە گرنگی بە ھەردووكیان بدرێت بۆ لەناوبردنی یەكجارەكی بیری توندڕەوی.

بارزانی یارمەتییەكانی ئەمریكا بۆ ھەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعش گرنگ زانی، بەتایبەتی یارمەتی سەربازی و سیاسی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێداگری لەسەر پێویستی پێدانی تانك و تۆپ كرد، كە بۆ شەڕی دژی داعش پێویستیان پێ ھەیە.

شەڕی موسڵ 

بارزانی لە بارەی شەڕی موسڵ ئاماژەی بە بەشداری كردنی پێشمەرگە لە سەرەتاكانی ئۆپەراسیۆنی موسڵ كرد، كە رێگە بۆ پێشڕەوی سەربازانی عێراق كردەوە.

لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بەوەی حەز دەكەن سەربازانی ئەمریكا لە كوردستان بمێننەوە، بارزانی گوتی پێشوازی دەكەین چۆنكە بۆ پێشیگرتن لە گەشەكردنی تیرۆر یارمەتیدەرمان دەبێت.

ھەروەھا ئامادەیی خۆیشی  بۆ ھاوكاری لەگەڵ ترەمپ لە شەڕی دژی داعش دەربڕی و كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا له‌ عێراقه‌ لە ساڵانی رابردوو به‌ هه‌ڵه‌ زانی و هیواداره‌ ئه‌مجاره‌ دوای رزگار كردنی موسڵ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ دووباره‌ نه‌كاته‌وه‌.

دەسەڵاتی ئێران لە عێراق

لە بارەی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق و  ھەرێمی كوردستان  بارزانی ئاماژەی بەوەدا ئێران پەیوەندی لەگەڵ حكومەتی ھەرێم و حزبە سیاسیەكانیش ھەیە و دەستروویشتوویی ئێران لە عێراق راستییەكە و زیاتر لە ھەر كەسێكی دیكە دەسەڵاتی ھەیە.

بەغدا مافی ئەوەی نییە رەخنە لە ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم بگرێت

 لە وەڵامی پرسیارێك دەربارەی پەیوەندییەكانی ھەرێم لەگەل توركیا و ھەناردنی نەوت لە ریگەی ئەم وڵاتەوە، بارزانی ئاماژەی بەوەدا بەردەوام دەبین لەسەر پەیوەندییەكانمان و ناردنە دەرەوەی نەوت لە ریگەی توركیاوە.

ھەر لە بارەی ئەوەی كە بەغدا حەزی لەو پەیوەندییانە و ناردنە دەرەوەی نەوتی ھەرێم لە ریگەی توركیاوە نییە، گوتی بەغدا مافی ئەوەی نییە گلەیی بكات و رەخنە بگرێت، كاتێ كە بە شێوەیەكی نایاسایی بڕیاریدا بەشە بودجەی ھەرێم ببڕێت. پێش ئەوەی كە نەوت ھەناردە بكەین، بەشە بودجەمانی بڕی.

لە سوریا دوژمن و دۆست دیار نین

سەرۆك بارزانی لە وەڵامی پرسیارێك دەربارەی رەوشی سوریا و داعش گوتی دیار نییە كێ ھاورێیە و كێ دوژمنە. ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سوریا یەكگرتوو نییە. ئۆپۆزسیۆنیش یەكگرتوو نییە.

روسیا و ئەمریكا لە سوریا

لە بارەی رۆڵی روسیا و بەھێزبوونی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بارزانی ئاماژەی بەوەدا روسیا دەزانێت چۆن یاری بكات و چی دەیەوێت و بە روونی دیارە دەیەوێت لە سوریا چی بكات و ئامانج و بەرژەوەندییەكانی خۆی ھەیە.

پێشی وایە ھەڵوێستی ئەمریكا لە سوریا روون نییە و بەھێزیش نییە.

JS