ئەمریكا ھیچ شاندێك بۆ دانوستانەكانی ئاستانا رەوانە ناكات

باڵیۆزی ئەمریكا لە قەزاقستان (كازاخستان) نوێنەرایەتی واشنتۆن دەكات

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا مارك تۆنەر رایگەیاند ھیچ شاندێك بۆ دانوستانەكانی ئاستانا رەوانە ناكەن، بەڵكو باڵیۆزی ئەمریكا لە قەزاقستان (كازاخستان) نوێنەرایەتی واشنتۆن دەكات.

بڕیارە سبەینێ سێشەممە 23 كانوونی دوووەمی 2017 دانوستانەكانی ئاستانا بە دەستپێشخەری روسیا بەڕێوە بچێت، كە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرییەكی سیاسییە بۆ قەیرانی  سوریا، پاش ئەوەی ھێزەكانی رژێم بە ھاوكاری ھاوپەیمانەكانی تەواوی شاری حەلەبیان كۆنترۆڵ كرد.

پێشتر ئێران ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بەشداریكردنی ئەمریكا لە دانوستانەكانی ئاستانا دەربڕی، كە كۆبوونەوەكانی بە ھەماھەنگی نێوان روسیا و توركیا رێكخراون و ھیچ راوێژێكیان بە ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان نەكردووە، لە كاتێكدا نەتەوە یەكگرتووەكان چەندین كۆبوونەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سوریا رێكخستووە و نوێنەرێكی تایبەتیش بۆ ئەم وڵاتە دەستنیشان كردووە.

جۆرج كرۆل باڵیۆزی ئەمریكا لە قەزاقستان نوێنەرایەتی وڵاتەكەی لە دانوستانەكانی ئاستانا دەكات.

روسیا ھیواداربوو ئیدارەی ئۆباما بەشداری لە دانوستانەكانی ئاستانا بكات.

JS