ناتانیاھۆ بۆ خەڵكی ئێران: ئێمە دوژمنتان نین

خەڵكی ئێران و دەسەڵاتەكەی لە یەك جیا دەكاتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێكی تایبەتی بۆ خەڵكی ئێران دەڵێت ئیسرائیل دۆستی خەڵكی ئێرانە و شایانی ئەوەن ئازادانە بژین و رێز لە داواكاری و مافەكانیان بگیردرێت.

نەتانیاھو لە پەیامێكی ڤیدیۆیی كە لە كەناڵی فەرمیی سەرۆكایەتی حكومەت لە یوتیوب بە ژێرنووسی فارسی بڵاو كراوەتەوە،  خەڵكی ئێران و رژێمەكەی لە یەك جیا دەكاتەوە  و بەو خەڵكە دەڵێت  ئێمە دوژمن نین، بەڵكو دوستین، بەڵام دەسەڵاتی ستەمكاری ئێران كار دەكات بۆ دروستكردنی دوژمنایەتی و ئەم كارەشی بە ھەڵە دەزانێت.

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بە خەڵكی ئێران دەڵێت دەسەڵات پارەكەتان دەدزێت بۆ پێدانی بە مرۆڤكوژەكانی وەك ئەسەد. گوتیشی بۆ چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشەكانی ئێران كە داوای لەناوبردنی ئیسرائیل دەكات لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كۆ دەبێتەوە.

لە پەیامە ڤیدیۆكەی بۆ خەڵكی ئێران، نەتانیاھۆ بە بیرھێنانەوەی كوشتنی كچە خۆپیشاندەرێك لە تاران لە ساڵی 2009 و ئەشكەنجەدان و سێدارەدانی خەڵك بە كرێن دەڵێت خەڵكی ئێران شایانی ئەوەن ئازادانە بژین و رێز لە داواكاری و مافەكانیان بگیردرێت و ھیواداریشە خەڵكی ھەردوولا بتوانن لە تاران و ئیسفەھان و ئۆرشەلیم (قودس) وتێل ئەبیب یەكتر ببینن.