دانوستانەكانی ئه‌ستانه‌ دەست پێدەكات

ئۆپۆزیسیۆنی سوریا: لە دانوستانەكانی ئه‌ستانه‌ پرسە سیاسییەكان تاوتوێ ناكەین

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ بە بەشداری نوێنەرانی رژێمی سوریا و ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتە دانوستانەكانی ئه‌ستانه‌ بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ھەر یەك لە روسیا، توركیا و ئێران لەسەر ئاستێكی بەرز و باڵیۆزی ئەمریكا لە قەزاقستان (كازاخستان) و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوە بچێت.

خولی نوێی دانوستانەكانی سوریا بە دەستپێشخەری روسیا بەڕێوە دەچێت و یەكەمجارە رۆڵی ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان  پشتگوێ خراوە، كە پێشتر دانوستانەكانی ژنێف بە سەرپەرشتی و نێوانگیری نەتەوە یەكگرتووەكان و پشتگیری ئەمریكا و روسیا دووچاری شكست بوو.

بەر لە دەستپێكردنی دانوستانەكانی ئاستانا، ئۆپۆزسیۆنی سوریا رایگەیاند، دانوستانەكان جەخت لەسەر ئاگربەست و پرسی مرۆیی دەكەنەوە و پرسە سیاسییەكان تاوتوێ ناكەین.

دانوستانەكانی ئه‌ستانه‌ بە دەستپێشخەری روسیا بەڕێوە دەچێت، كە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرییەكی سیاسییە بۆ قەیرانی  سوریا، پاش ئەوەی ھێزەكانی رژێم بە ھاوكاری ھاوپەیمانەكانی تەواوی شاری حەلەبیان كۆنترۆڵكرد.