شه‌ڕكه‌ره‌كان له‌سه‌ر مێزێك كۆده‌بنه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی شه‌ڕی وێرانكه‌ر و وه‌حشیگه‌ری سووریا، كه ماوه‌ی 6 ساڵه ته‌ڕ و وشك پێكه‌وه ده‌سوتێنێت، له شاری ئه‌ستانه‌ی پایته‌ختی كازاخستان، خولێكی نوێی دانووستاندنی ئاشتی نێوانیان ده‌ستپێده‌كه‌ن.
پێده‌چێت ئه‌مه دوایین هه‌وڵ بێت بۆ گواستنه‌وه‌ی ململانێكه له خاكی سووریاوه بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆكان، ئه‌م گفتوگۆیانه‌ش رووسیا و توركیا به پاڵپشتی ئێران رێكیانخستووه.
ئه‌و شه‌ڕ ماڵوێرانكه‌ر و ململانێیه‌ی سووریا رۆحی نیو ملیۆن كه‌سی كێشاوه و نیوه‌ی دانیشتوانی وڵات ئاواره‌بوون، وڵاتێك كه پێش جه‌نگ دانیشتوانی نزیكه‌ی 22 ملیۆن كه‌س بوو.
هه‌وڵه‌كانی پێشوو سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه و نه‌یتوانی جه‌نگه‌كه رابگرێت، چونكه متمانه له نێوان لایه‌نه‌كاندا له مێژه له‌به‌ین چووه، یان ئه‌وه‌یه خواستێكی راسته‌قینه بۆ ئاشتبوونه‌وه نییه، یان ئه‌وه‌تا كه‌سانێكی كاریگه‌ری ئه‌وتۆ له مه‌یدانی سووریدا نییه كه له ده‌ره‌وه پاڵپشتی بكرێن.
ئه‌م هه‌وڵانه دوای كوده‌تای گۆڕینی ته‌رازووی هێز له سه‌ر زه‌وی به‌گه‌ڕخرا، پێده‌چێت ده‌روازه‌یه‌كی بۆ گفتوگۆش كردبێته‌وه، دانووستاندنه‌كانی ئه‌مجاره پاڵپشتی ئه‌و هێزه جیهانییانه‌ی هه‌یه كه پاره و چه‌كێكی زۆری خۆیان بۆ گۆڕینی ئاراسته‌ی جه‌نگه‌كه به‌كارهێناوه. ئه‌مه‌ش پاش راوه‌ستاندنی جه‌نگه تونده‌كه‌ی سه‌رانسه‌ری وڵات له مانگی 12 ی ساڵی رابردوو، خه‌ریكه متمانه‌یه‌كیش بۆ دانووستاندنه‌كانی سه‌ر مێزه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه.
به‌ڵام زۆر لایه‌نی گرنگی كێشه‌كه‌ش بانگێشتی ئه‌ستانه نه‌كراون و خراونه‌ته په‌راوێزه‌وه، هه‌ندێكیشیان خۆیان ره‌تیانكردووه‌ته‌وه به‌شداری بكه‌ن، له‌وه ده‌چێت دڵه‌ڕاوكێیه‌كیان بۆ گروپه‌كانی سه‌ر مێزه‌كه درووستكردبێت.
چونكه كێشه‌كه زۆر گه‌وره‌یه و هه‌ر بڕیارێك بدرێت واژۆی هه‌مووانی ده‌وێت، ئه‌گه‌ر ده‌ره‌نجامیشی نه‌بوو وه‌ك خۆیشی مایه‌وه، پێویسته هه‌مووان بڕیاریان تێیدادابێ و وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌میش بێت بۆ كۆتاییهاتنی ململانێكان ناكرێت كه‌س په‌راوێزبخرێت.
له كۆتاییه‌كانی ساڵی رابردوودا ئۆپۆزیسیۆنی سووری حه‌له‌بی گه‌وره شاری سووریای له ده‌ستچوو، ئه‌وێش دوایین مۆڵگه‌ی سه‌ره‌كییان بوو، حه‌له‌ب پێش جه‌نگه وێرانكه‌ره‌كه، وه‌ك ناوه‌ندی رۆشنبیری و ئابووری سووریا چاوی لێده‌كرا، له ماوه‌ی جه‌نگه‌كه‌شدا له نێوان ئه‌سه‌د و ئۆپۆزیسیۆندا كرابووه دوو به‌شه‌وه، له ساڵی 2012 وه تا ئه‌و رۆژه‌ی چۆڵكرا، دۆخه‌كه‌ی وه‌ك خۆی مابووه‌وه.
سوپاكه‌ی ئه‌سه‌د ئه‌و بێده‌نگییه‌یان شكاند‌و گه‌مارۆی سه‌ر شاره‌كه‌یان توندكرد، گه‌مارۆیه‌كی توند و دڵڕه‌قانه‌یان به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا سه‌پاند، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ند مانگێك له ئاسمانه‌وه بۆمب به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌دا ده‌باری، فڕۆكه‌كانی سووریا و رووسیا ده‌ستیان له سڤیله‌كانیش نه‌ده‌پاراست، بازاڕ و دووكانه‌كانیش داڕوخان، دواتر هێرشی زه‌مینی كرایه سه‌ر به‌شی رۆژهه‌ڵاتی شاره‌كه، سه‌ربازه‌كانی ئه‌سه‌د و ئه‌و میلیشیایانه‌ی ئێران پاڵپشتی ده‌كردن پێكه‌وه له كۆتاییه‌كانی ساڵی رابردوودا، هه‌موو شاره‌كه‌یان خسته‌وه ژێر كۆنترۆڵی خۆیان.
كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی حه‌له‌ب، ئه‌سه‌دی له چاڵێكی گه‌وره هێنایه ده‌ره‌وه، ئه‌وێك له ساڵی 2015 دا خه‌ریكبوو دیمه‌شق و ته‌واوی سووریای له‌ده‌ست بچێت، ئێستا ده‌نگی زووڵاڵتره و به‌هێزتر ده‌چێته‌وه سه‌ر مێزی دانووستانه‌كان.
ئێستا شانده‌كان چوونه‌ته ئه‌ستانه و شاندی حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌سه‌د و ژماره‌یه‌ك هێزی ئۆپۆزیسیۆن ئه‌وانه‌ی له لایه‌ن توركیاوه پاڵپشتی ده‌كرێن و دژی رژێمی سووریا جه‌نگاون و له ژێر ناوی سوپای سووریای ئازاد‌دا كۆكرابوونه‌وه، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هێزی دیكه‌ی بیانی كه رۆڵی سه‌ره‌كییان له‌و ململانێیه‌دا هه‌یه، به‌شدارن.
له راستیدا ئه‌م گفتوگۆیانه به بانگێشتی رووسیا و توركیا كراوه، چونكه ئه‌وان ئێستا به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شیان له كۆتاییهێنان یان به‌لای كه‌می كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژییه‌كانی سووریا هه‌یه، ئێرانیش هاوڕایانه و پاڵپشتییان ده‌كات، ئێران پاڵپشتی سه‌ره‌كی به‌شار ئه‌سه‌ده، كه له‌وانه‌یه دوایین گفتوگۆبێت شاندی بۆ ره‌وانه‌بكات.
له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی نوێی ئه‌مریكا، رووسیا بازنه‌ی گفتوگۆكانی فراوانكرد و بانگێشتی شاندی ئه‌مریكیشی كرد، به‌ڵام تره‌مپ و ئیداره‌كه‌ی تازه ده‌رگای ئۆفیسه نوێیه‌كانیان كردبووه‌وه، بۆیه نه‌یانتوانی شاندێكی تایبه‌ت بنێرن و رایانگه‌یاند" باڵیۆزی ئه‌مریكا له كازاخستان نوێنه‌رایه‌تی ئه‌مریكا له‌و دانووستانانه‌دا ده‌كات".
كه‌چی ئێران به‌و بانگێشته نیگه‌ران بوو، ئه‌و وایده‌بینێت، ئه‌مریكا له ماوه‌ی جه‌نگی سووریادا رۆڵێكی خراپ و وێرانكه‌ری گێراوه و پێویست نییه بێته سه‌ر ئه‌و مێزه‌ی بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی ئه‌و ململانێ توند و خوێناوییه دانراوه.
ئێستا دانووستانه‌كان ده‌ستیپێكردووه و شاندێكی كوردی رۆژئاوای كوردستان، به سه‌رۆكایه‌تی ئیبراهیم برۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كورد"ئه‌نه‌كه‌سه" و عه‌بدولحه‌كیم به‌شار ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دانووستاندن، به‌شداری دانووستانه‌كانی ئه‌ستانه ده‌كه‌ن، به‌ڵام هیچ نوێنه‌رێكی پارتی یه‌كێتی دیموكرات"په‌یه‌ده" بۆ ئه‌و جڤینانه بانگێشت نه‌كراوه.
دانووستاندن بێ گفتوگۆی سیاسی
رۆمان ڤاسیلینكۆ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كازاخستان رایگه‌یاند" ئه‌و شانده سووریانه‌ی هاتوونه‌ته ئه‌ستانه، هێشتا بریاریان نه‌داوه رووبه‌ڕڕوو له‌سه‌ر مێزێك گفتوگۆ بكه‌ن.
هه‌روه‌ها گووتی" تا چه‌ند كاتژمێرێك پێش ده‌ستپێكردنی دانووستاندنه‌كان پرسی دانیشتنی راسته‌وخۆ له نێوان شاندی حكومه‌تی سووری و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا باسنه‌كراوه، هه‌ر چه‌نده نوێنه‌ری رووسیا و توركیا ئێرانیش ئاماده‌بوون".
شاندی ئۆپۆزیسیۆنی سووری لای خۆیانه‌وه گوتوویانه" له‌م گفتوگۆیانه‌دا جگه له دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌یه‌ك بۆ ئه‌و ئاگربه‌سته شلۆقه‌ی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د و میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران، هیچ پرسێكی دیكه له‌گه‌ڵ شاندی ئه‌سه‌د باس ناكرێت".
یه‌حیا ئه‌لعه‌ریزی گوته‌بێژ به ناوی شاندی ئۆپۆزیسیۆن ئه‌وه‌شی گوتووه" ناچینه ناو هیچ گفتوگۆیه‌كی سیاسی، هه‌موو قسه‌كان له ده‌وری راگرتنی ئاگربه‌ست ده‌سووڕێته‌وه، هه‌روه‌ها لایه‌نی مرۆیی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نه‌هامه‌تی سوورییه‌كان، ئه‌وانه‌ی تا ئێستا له ژێر گه‌مارۆدان، هه‌روه‌ها ئازادكردنی ده‌ستگیركراوه‌كان و گه‌یاندنی هاوكارییه مرۆییه‌كان".
ئۆپۆزیسیۆنی سووری ره‌تیده‌كاته‌وه رووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی سووریا دابنیشێت، ته‌نانه‌ت ره‌تیكردووه‌ته‌وه له دارشتنی به‌یاننامه‌ی كۆتایی دانووستاندنه‌كاندا، هیچ بنه‌مایه‌كی سیاسی ئاماژه‌ی بۆبكرێت.
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌ك له ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكاندا، شاندی هه‌ر دوولا له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری وڵاتان له‌سه‌ر مێزێك كۆبوونه‌ته‌وه.
ئێستاش میدیاكاران له هۆڵی جڤینه‌كان كراونه‌ته ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌كه و گفتوگۆ به نهێنی ده‌ستیپێكردووه، له‌وانه‌یه چه‌ند كاتژمێری داهاتوو هه‌واڵی جیاواز له‌وه‌ی پێشووتر بیستراوه بڵاوبكرێته‌وه.
به‌شار جه‌عفه‌ری سه‌رۆكی شاندی رژێمی سووریاش له‌و كاته‌ی له ناو فڕۆكه‌دابوو ده‌چووه ئه‌ستانه، به رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاندبوو، هه‌موو باسه‌كان له ده‌وری ئاگربه‌ست ده‌سووڕێته‌وه، له خشته‌ی كاره‌كانی دانووستاندنه‌كانیشدا هه‌روا هاتووه".
راگرتنی ئاگربه‌ست قۆناغی زۆری بڕیووه و كۆتاییه‌كانی مانگی 12 ی ساڵی 2016 به نێوه‌ندگیری رووسیا و توركیا واژۆكرا، رێككه‌وتنه‌كه حه‌له‌بی له خه‌ڵكه‌كه‌شی چۆڵكرد، به‌ڵام ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی ئه‌سه‌د و میلیشا هاوكاره‌كانی به پێشێلكاری تۆمه‌تباركردووه‌و له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێن" له دۆڵی به‌ره‌ده و ئه‌لغوته‌ی رۆژهه‌ڵات و ده‌وروبه‌ری دیمه‌شق رژێم پێشێلكاریكردووه".
حكومه‌تی سووریش به هه‌مانشێوه په‌نجه‌ی تۆمه‌تی بۆ ئۆپۆزیسیۆن راكێشاوه و به پێشێلكاری رێككه‌وتنه‌كه‌ی داناوه.
به‌ڵام كه‌مێك پێش ئیستا محه‌مه‌د علوش سه‌رۆكی شاندی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رایگه‌یاند" بژاره‌ی ستراتیژی ئێمه گه‌یشتنه به چاره‌سه‌رێكی سیاسی دادپه‌روه‌ر، تا ژیانێكی شایسته بۆ خه‌ڵكی سووریا ده‌سته‌به‌ر بكات.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت قۆناغی گوازه‌ره‌وه‌ی سیاسی بێته ئاراوه و به لاچوونی ئه‌سه‌د له‌سه‌ر حوكم ده‌ستپێبكات.
له به‌رامبه‌ردا به‌شار جه‌عفه‌ری داوای دیاریكردنی كاتێك بۆ ئاگربه‌ست ده‌كات، تا ده‌ربكه‌وێت ئه‌و لایه‌ن و گروپانه كێن پابه‌ندی ئه‌و رێككه‌وتنه نابن.
داعش له ئه‌ستانه نییه
دیارترین لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن چوونه‌ته ئه‌ستانه، به‌ڵام نوێنه‌ری داعش له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا نین، هیچ كاتێكیش كه‌س داعش بۆ دانووستاندن بانگێشت ناكات، كه‌سیش باوه‌ڕ ناكات شاندی داعش بچێته دانووستانه‌وه.
به‌ڵام داعش خاك و شاری زۆری سووریای له ده‌سته، هێشتا ره‌ققه پایته‌ختی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌یه و ئازاد نه‌كراوه‌ته‌وه، بۆیه ئاماده‌نه‌بوونی مانای ئه‌وه‌ش ده‌به‌خشێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر جۆره رێككه‌وتنێكیش له ئه‌ستانه بكه‌وێته‌وه، مانای كۆتاییهاتنی جه‌نگ له سووریا نییه.
داعش له‌م ماوانه‌ی دواییدا لاوازكراوه و له بری داگیركردنی ناوچه‌ی زیاتر، خاكی زۆری له ده‌ستداوه، فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له ئاسمانه‌وه بۆردوومانیان ده‌كه‌ن و زیانی زۆریان لێداون، هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و هێزه‌كانی دیكه‌ش زۆر ناوچه‌یان له ده‌ست وه‌رگرتوونه‌ته‌وه، به‌ڵام هێشتا نه‌بووه‌ته ئه‌و هێزه‌ی كه‌س نه‌یانخوێنێته‌وه.
پاش چه‌ند كاتژمێرێك له ده‌ستپێكردنی میتینگه‌كه، به‌شار جه‌عفه‌ری سه‌رۆكی شاندی حكومه‌تی سووریا بۆ دانووستاندنه‌كانی ئه‌ستانه، قسه‌ی بۆ میدیاكان كرد و رایگه‌یاند" دانووستاندنه‌كانی ئه‌ستانه ده‌بنه رووداوێكی گرنگ و هیچ گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی فه‌تحی شام (به‌ره‌ی نووسره‌ی پێشوو) ناكرێت".
هه‌روه‌ها گووتی" گه‌له‌كۆمه‌كییه‌ك له دژی حكومه‌تی سووریا هه‌یه و گووتاری ئۆپۆزیسیۆنی سوورییش زێده‌ڕۆیی تێدابووه، ئێمه جیاوازییه‌كی زۆرمان له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی چه‌كدار هه‌یه، ئێمه نابینه به‌شێك له هیچ سیناریۆیه‌كه كه بیه‌وێت شكست به دانووستاندنه‌كانی ئه‌ستانه بهێنێت".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ، ده‌رباره‌ی دانووستاندنه‌كانی ئه‌ستانه رایگه‌یاند" هه‌وڵێك له ئارادایه بۆ ئه‌وه‌ی شاندی ئۆپۆزیسیۆنی چه‌كدار بۆ شاندی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی بگۆڕێت.
لاڤرۆڤ له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گووتی" جوڵه‌یه‌ك بۆ گۆڕینی ناوه‌ڕۆكی گفتوگۆكانی ئه‌ستانه ده‌بینرێت و ده‌یانه‌وێت شاندی ئۆپۆزیسیۆنی چه‌كدار بۆ گروپێك ئۆپۆزیسیۆنی ئاواره و ده‌ركراو بگۆڕێت، هه‌رچه‌نده ئێمه هه‌وڵناده‌ین ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی له پرۆسه‌ی سیاسی دووربخه‌ینه‌وه، به‌ڵام جڤینه‌كانی ئه‌ستانه له بنه‌ڕه‌تدا بۆ رێكخستن و داڕشتنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كان و به‌شداری هه‌موو لایه‌نه چه‌كداره‌كانی ناو ئۆپۆزیسیۆنه، چونكه ئێستا ئه‌مه گرنگه".
هه‌روه‌ها گووتی" خوله‌كانی دیكه‌ی دانووستانی نێوان لایه‌نه سوورییه‌كان، له جنێڤ و شوێنی دیكه به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌و دانووستاندنانه تایبه‌ت ده‌بێت به هه‌موو گرووپه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن به‌بێ جیاوازی، ته‌نانه‌ت گروپه‌كانی ریاز و مۆسكۆ و قاهیره و ئه‌وانی دیكه‌یش".
ھەریەك لە رووسیا و توركیا و ئێران، راگەیەنراوێكی ھاوبەشییان سەبارەت بە گفتوگۆكانی ئاشتی نێوان حكوومەتی سووریا و گروپەكانی ئۆپئزسیۆنی ئەو وڵاتە بڵاوكردەو تیایدا ھاتووە:
پشتگیریكردنی دانوستانەكان و بەرزنرخاندنی ھەوڵەكانی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە پێناو سەرخستنی گفتوگۆكان.
پابەندبوون بە یەكپارچەیی و سەروەری خاكی سووریا.
پابەندبوون بە عەلمانی و دیموكراسیبوونی سووریا، كە وڵاتی ئایین و ئەتنییە جیاوازەكان بێت، دوور لە تائیفیەت.
بڕوابوون بە چارەسەری ئاشتیانە بۆ كێشەكان، دوور لە رێگەچارەی سەربازی.
وەك لە بڕیاری ژمارە 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایش‌دا ھاتووە، سوورییەكان خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن.
ھەروەھا بەگوێرەی چەند بڕیارێكی دیكەی ئەنجوومەنی ئاسایش، پێویستە رێگەچارەی سیاسیانە بۆ كێشە سیاسییەكان، بەبەشداریپێكردنی سەرجەم ھاووڵاتیانی ئەو وڵاتە بدۆزرێتەوە.
ھەموو لایەك ھەوڵەكانییان بخەنەگەڕ بۆ پابەندبوون بە ئاگربەست و راگرتنی شەڕ و رێگەنەدان بە پێشێلكردنی و بنیاتنانی متمانە لە نێوان لایەنە ناكۆكەكان، بواردانیش بە گەیاندنی ھاوكارییە مرۆییەكان.
دروستكردنی كۆمیتەیەكی ھاوبەشی سێ لایەنە، بۆ گرەنتی پابەندبوونی سەرجەم لایەنە ناكۆكەكان بە ئاگربەستەوە.
ھەریەك لە ئێران و رووسیا و توركیا، پابەندبوونی خۆیان بە شەڕكردن لەگەڵ ھەردوو گروپی داعش و نوسڕە و جیاكردنەوەیان لە گروپەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆن، دووپاتكردەوە.
جەختكردنەوە لەسەر گرنگی دانووستانەكانی ئاستانا، بۆ كۆتایی ھێنان بە شەڕ و پێكدادانی نێوان حكوومەتی سووریا و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن.
پشتگیری لە گفتوگۆكانی داھاتوو ئاشتی كە لە 8ی مانگی داھاتوو لە جنێف ئەنجام دەدرێ.
ئه‌م راپۆرته نوێده‌كرێته‌وه...