عەبادی لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی سوپا و حەشدی شەعبی دەكات

لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم مەبەستە پێك دەھێنێت

K24 - ھەولێر

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكان  فەرمانیدا بە پێكھێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەو پێشێلكاریانەی بەناوی سوپا و حەشدی شەعبی لە دژی ھاووڵاتیانی پارێزگای نەینەوا ئەنجامی دەدرێن.

لە بەیاننامەیەكی نوسینگەی عەبادیدا ھاتووە، مەبەست لەمجۆرە كارانە، شێواندن و لەكەداركردنی ناوبانگ و سەركەوتنەكانی ھێزەكانی عێراقە لە موسڵ.

.پێشتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی لەبارەی رفاندن و ئەشكەنجەدان و كوشتنی ھاووڵاتیان بڵاوبووەوە و ئەمجامدەرانی بە جلوبەرگی سەربازانی ئەو كارەیان دەكرد.

ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی موسڵ رۆژی 17 تشرینی یەكەمی 2016 بە بەشداری 100 ھەزار كەس لە ھێزەكانی عێراقی و كوردستانی دەستپێكرد و پاش ئەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە زۆربەی ناوچەكانی دەوروبەری موسڵیان كۆنترۆڵ كرد، رێگە بۆ ھێزەكانی عێراق كردەوە بەرەو بەری چەپی موسڵ پێشڕەوی بكەن.

ھێزەكانی عێراق تەواوی بەری چەپی موسڵیان، بێجگە لە گەڕەكی راشیدیە لە باكوور كۆنترۆڵ كردووە و چەندین پرد لەسەر رووباری دیجلە لە باشووری موسڵ دروست دەكات وەك ئامادەكارییەك بۆ ھێرشكردنە سەر بەری رۆژئاوای موسڵ.