ترەمپ یەكەم بڕیار دژی كۆچبەران دەردەكات

بڕیاری دروستكردنی دیوارەكەش دەدات

K24 - ھەولێر

سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ بە شێوەیەكی كاتی ھاتنی كۆچبەرانی عێراق و ئێران و سوریا و ھەندێ وڵاتی دیكەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ وڵاتەكەی قەدەغە دەكات.

بڕیارە ترەمپ ئەمڕۆ چوارشەممە 25 كانوونی دووەمی 2017 لە میانەی سەردانكردنی وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێك ئیمزا بكات كە بە ھۆیەوە پێدانی ڤیزە بە ھاوڵاتیانی عێراق، سوریا، ئێران و چەند وڵاتی تری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی كاتی سنووردار دەكات.

ھاوكات لە گەڵ ئەوەی ئاژانسی رویتەرز بە پشت بەستن بە ھەندێ سەرچاوەی كۆنگرێس و شارەزایانی بواری كۆچبەران ئەم ھەواڵەی بڵاو كردەوە، ترەمپ لە تویتێكدا بڵاوی كردەوە: "سبەینی (چوارشەممە) رۆژێكی گەورە دەبێت بۆ ئەمنییەتی نەتەوەیی. لەناو چەندین شتی دیكە، دیوارەكە دروست دەكەین (لە نێوان ئەمریكا و مەكسیك)! 

چاوەڕوان دەكرێت ترەمپ ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیارێك دەر بكات كە بە ھۆیەوە بۆ ماوەی چەند مانگێك قەدەغەیی لە سەر ھاتنی پەنابەران بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دادەنێت، بێجگە لە كەمایەتییە ئاینییەكان كە لە ژیر گوشاردان.

شتەكانی دیكە كە ترەمپ لە تویتەكەیدا باسی لێوە كردووە ھەڵپەساردنی پێدانی ڤیزایە بە ھاووڵاتیانی سوریا، عێراق، ئێران، سۆماڵ، سودان و یەمەن، ھەر وەك پێشبینی دەكرێت ئەمڕۆ بریارەكەی دەربكات.

بڕیاری ترەمپ بۆ ماوەیەكی كاتی كاری پێ دەكرێت تا ئەو كاتەی یاسایەكی گشتگیر شوێنی دەگرێتەوە.

ترەمپ لە كەمپەینی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بەڵێنی رێگەنەدان بە ھاتنی موسڵمانان و پەنابەرانی ئەم وڵاتانە بۆ ناو سنووری ئەمریكا و ھەروەھا دروستكردنی دیوار لە سنووری نێوان ئەمریكا و مەكسیكی دابوو.

تەواوی ئەو وڵاتانەی بەر بڕیاری ترەمپ دەكەون بۆ پێنەدانی ڤیزە موسڵمانن و رێژەی ھەرە زۆری ئەو پەنابەرانە پێك دێنن كە رۆژانە روو دەكەنە وڵاتانی رۆژئاوا.

JS