كوردستان 24 زانيارى ورد له‌ باره‌ى ئامانجى سه‌ردانى شانده‌ ئێزدييه‌كه‌ بۆ تاران ئاشكراده‌كات

سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌به‌شه‌یان له‌گه‌ڵدایه‌
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

شاندێکی كوردانی ئێزدی سەر بە حەشدی شەعبی و ھێزەكانی پاراستنی شنگال یەپەشە سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان كرد و داوایان لە راوێژكاری رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران كردووە پشتیوانییان بكەن، بۆ ئەوەی ئیدارەی سیاسی و سەربازی شنگال و دەوروبەری بگرنەدەست.

راگەیاندنە فەرمی و نافەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەلێن وەفدێکی باڵای کوردانی ئێزدی سەردانی تارانیان کردووە،و داوای پشتیوانیان لەو وڵاتە کردووە. میدیاکان دەلێن شێخ سەمیر نوێنەری بابە شێخ و سەعید موراد راوێژکاری وەزیری دەرەوەی عێراق و شێخ موراد راوێژکاری حەشدی شەعبی و سەرکردەیەکی هێزی پاراستنی شنگال بەناوی سەعید لە وەفدەکەدا بوونە.

ئەو شاندەی ئێزدییەکان لە یەکەم کۆبوونەوەدا لەگەڵ عەلی ئەکبەر ویلایەتی راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سیاسەتی دەرەوە کۆبوونەتەوە، کوردستان 24 زانیویەتی کە ئەو شاندە کوردە سوننەکانیان بەهۆکاری گیرانی شنگال زانیوە،و داوای پشتگیریشیان بۆ بەپارێزگاکردنی شنگال کردووە.

لەو کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ ویلایەتی نوێنەری ‌حەشدی شەعبی و  بەرپرسی هێزی پاراستنی شەنگال سوپاسی پەکەکەیان کردووە،و گوتوویانە کە پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی حەشدی شەعبی و هێزی پاراستنی شنگال هەپەشە ئارامیان بۆ ناوچەکە گەراندۆتەوە. نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بەلێنی پشتگیری تەواوی پێداون.

بڕیاروایە ئەو شاندەی کوردانی ئێزدی لەگەڵ بەرپرسە ئەمنییەکانی ئێران کۆببنەوە، بەپێی زانیارییەکانی کوردستان 24 داوایانکردووە، کە کۆماری ئیسلامی ئێران لەرێگەی پەیوەندییەکانی خۆی لەعێراق پشتیوانی حەشدی شەعبی و هەپەشە بکات، بۆ ئەوەی ئیدارەی سیاسی و سەربازی شنگال و دەورووبەریان بدرێتە دەست.