كەسایەتیی ترەمپ لە رێگەی ئیمزا مەترسیدارەكەیەوە بناسە

چالاكوانێك ئێمزای ترەمپ بە شەپوڵێكی دەنگی شەیتان دەزانێت و یەكێكی تر دەڵێت بە ھاواركردن داوای یارمەتی دەكات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

شیواز و شكلكی ئێمزای دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا سەرباری مەترسیداربوونی، گاڵتەی بەكارھێنەرانی ماڵپەرە كۆمەڵایەتییەكان و شرۆڤەی شارەزایانی خۆشنووسی بەدوای خۆیدا ھێناوە.

ھەندێكیان ئێمزای ترەمپ بە شێوازی ریختەر بۆ پیواندنی بومەلەرزە دەشوبھێنن، ھەندێكی تر پێیان وایە وەك شێوازی لێدانی دڵە و بەشێكیشیان بە زنجیرە بزمارێك دەزانن.

لەناو ئێمزای ترەمپ ھیچ مەودایەك نێوان پیتەكانی و ھیچ نەرمی نواندنێكی تێیدا نییە و توندوتیژە و لە یەكتریش جیا ناكرێنەوە.

چالاكوانێكی تویتەر، ئێمزای ترەمپ بە شەپوڵێكی دەنگی شەیتان دەزانێت و یەكێكی تر دەڵێت بە ھاواركردن داوای یارمەتی دەكات وەك ئەوەی ھەوڵ دەدات بڵێت من ترەمپ نیم، ناوی راستەقینەم ئەوەیە:  AuuuUUuuuuuA

عینادی و سەختبوونی بۆ دانوستان

شارەزایانی خۆشنووسی كە بە ریگەی ئێمزاكەیەوە ھەوڵی شرۆڤەكردنی كەسایەتیی ترەمپ دەدەن، پێداگری لەسەر ئەوە دەكەن تێنووی دەسەڵاتە.

تریسی تروسل شرۆڤەكاری خۆشنووسی لە پەیمانگەی بەریتانی دەڵێت نووسینی گەورە و ھێلەكانی ستوونی لە ئێمزای ترەمپ ئاماژەیەكن بە  كۆمەڵێك تایبەتمەندی كە لە كەسانی دیكە جیا دەكرێتە، دەشڵێت نووسینی گەورە لە ئیمزای ترەمپ  تەماكاری، دینامیكی، زیرەكی، نەترسی، بە بڕیار و عینادی دەگەیەنێت و سەختبوونیشی لە دانوستانەكان پیشان دەدات.

ترەمپ بۆ ھەر ئێمزایەكی خۆی، پێنووسی جیاواز بەكار دێنێت. ئەم شێوازە پرۆتۆكۆلە بۆ سەردەمی فرانكلین رۆزڤێلت دەگەرێتەوە كە لە ساڵانی 1933 تا 1945 سەرۆكی ئەمریكا بووە.

JS