ترەمپ دیوارەكە دروست دەكات

پلانەكانی ترەمپ بەرامبەر پەنابەران و ھەڵپەساردنی پێدانی ڤیزە بە ھاوڵاتیانی حەوت وڵاتی موسڵمان كردەوەیەكی دژی موسڵمانانە و دەبێتە ھۆی كەمكردنەوەی ئەمنییەتی ئەمریكا

K24 - ھەولێر

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ رۆژی چوارشەممە بڕیاری دروستكردنی دیوار لە سنوری نێوان وڵاتەكەی و مەكسیك دەركرد، كە بەشێك لە تێچوونی دروستكردنیشی خستووەتە سەر شانی مەكسیك.

ترەمپ ھەروەھا بڕیارێكی دیكە بۆ سزادانی ئەو شارانە دەركرد لە پێی وایە بوونەتە سەروپەنای كۆچبەرانی نایاسایی.

رویتەرز بڵاوی كردەوە پێشنووسی بڕیارێكی ترەمپ لەبارەی كۆچبەران بە دەستی كەوتووە، كە بڕیارە لەماوەی چەند رۆژی داھاتوو ھاتنە ژوورەوەی پەنابەران لە سوریا و وڵاتانی دیكەی موسڵمان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا ھەڵپەسێرێت، لەوانە سوریا، عێراق، ئێران، لیبیا، یەمەن، سودان و سۆماڵ.

بڕیاركەی ئۆباما لەم بارەوە كە پێشبینی دەكرا رۆژی چوارشەممە ھاوكات لەگەڵ بڕیاری دروستكردنی دیوار دەربكرێت، تا ئەو كاتە جێبەجێ دەكرێت كە یاسایەكی ھەمیشەیی بو ئەو پرسە دەردەكرێت.

لە لایەكی ترەوە لایەنگرانی كۆچبەران و پەنابەران رایانگەیاند پلانەكانی كۆشكی سپی بۆ راگرتنی ھاتنی پەنابەران و ھەڵپەساردنی پێدانی ڤیزە بە ھاوڵاتیانی حەوت وڵاتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا كردەوەیەكی دژی موسڵمانانە و دەبێتە ھۆی كەمكردنەوەی ئەمنییەتی ئەمریكا.

ترەمپ ھەر وەك لە بانگەشەی ھەڵبژاردن بەڵێنی دابوو لە ماوەی كەمتر لە ھەفتەیەك لە كۆشكی سپی چەندین بڕیاری گرنگ دەركرد، لەوانە یاسای تەندروستی ئۆباما، دروستكردنی دیوار و پرسی پەنابەران و كۆچبەران.

11 ملیۆن كۆچبەری نایاسایی لە ئەمریكا دەژین و زۆربەی ھەرە زۆریان خەڵكی وڵاتانە ئەمریكای لاتینن و بە ھۆی پلانەكانی ترەمپ مەترسی دیپۆرت كردنیان ھەیە.

JS