ئێران: توركیا رەوایەتیی رژێمی سوریای قبووڵكرد

لە دانوستانەكانی ئەستانا، توركیا و گرووپە ئۆپۆزسیۆنەكانی نزیك لە ئەنقەرە رەوایەتیی رژێمی سوریەیان قبووڵكرد

K24 - ھەولێر

عەلی ئەكبەر ویلایەتی راوێژكاری باڵای رێبەری ئیران عەلی خامەنەیی رایگەیاند توركیا لە دانوستانەكانی ئەستانا، رەوایەتیی رژێمی سوریای بە فەرمی قبووڵكرد.

دانوستانەكانی ئەستانا بە ھەماھەنگی روسیا، توركیا و ئێران رۆژانی 24 و 25 كانوونی دووەمی 2017 لە ئەستانای پایتەختی كازاخستان بەڕێوەچوو و نوێنەرانی رژێم و ئۆپۆزسیۆن  بەشدارییان تێیدا كرد.

ویلایەتی كە بە دارێژەری سیاسەتی دەرەوەی ئێران ناسراوە، پاش كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ھەندێ ئێزیدییەكان رایگەیاند لە دانوستانەكانی ئەستانا توركیا و گرووپە سوریەكانی سەر بە ئەنقەرە رەواتیی رژێمی سوریەیان قبووڵكرد.

گوتیشی ھەندێ لەو وڵاتانەی بەشداری دانوستانەكانی ئەستانا نەبوون، بە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ رەوایەتیی رژێمی سوریەیان قبووڵ كردووە.

عەلی ئەكبەر ویلایەتی راوێژكاری باڵای رێبەری ئیران
عەلی ئەكبەر ویلایەتی راوێژكاری باڵای رێبەری ئیران

لە دانوستانی دو رۆژەی ئەستانا ھیچ بڕیارێكی نوێ دەرنەكرا و تەنیا پێداگری لەسەر پێویستی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی شەش ساڵەی سوریا و بەردەوامبوونی ئاگربەست كرا، بێ ئەوەی ھیچ پلانێك یان نەخشەڕێگایەك بۆ چۆنییەتی چارەسەری سیاسی بخرێتەڕوو.

دانوستانەكانی ئەستانا پاش ئەوە ھات كە ھێزەكانی رژێم و ھاوپەیمانەكانی تەواوی شاری حەلەبیان كۆنترۆڵ كرد، بەتایبەتی رۆژھەڵاتی شارەكە كە بۆ ماوەی پێنج ساڵ ژێر كۆنترۆڵی گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆندا بوو.

JS