نێچیرڤان بارزانی: گومانێكی زۆر ھەیە كۆماری ئیسلامی ئێران لە پشت تەقینەوەكانی كۆیە بێت

كاتێ پەرلەمان داخرا ئەولەییەتی ھەرێمی كوردستان شەڕی داعش بوو، كە تا 35 كیلۆمەتری ھەولێر پێشڕەوی كردبوو، ناچار بووین لە نێوان خراپ و خراپتر، خراپمان ھەڵبژارد

K24 - ھەولێر

سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ كەناڵی بی بی سی بەشی فارسی، تەقینەوەكانی بەردەم بارەگای دەفتەری سیاسی (حدك) لە كۆیە شەرمەزار كرد و  بە ھێرشێكی دژی ھەرێمی كوردستانی زانی و گوتی "گومانێكی زۆر ھەیە كە كۆماری ئیسلامی ئێران لە وانەیە لە پشت ئەو تەقینەوانە بێت، بەڵام بەڵگەیەك لەبەردەست نییە".

لە وەڵامی پرسیارێك دەربارەی لێدوانێكی پێشووی خۆی لەبارەی گرتنەبەری ھەموو رێوشوێنێك لەوانە سەربازی بەرامبەر پەكەكە لە شنگال، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەدا "كاتێ براكانمان لە كوبانێ دووچاری كێشە بوون، ئێمە ھێزی پێشمەرگەمان نارد بۆ یارمەتیدانیان، كاتێ كوبانێ ئازادكرا و مەترسی داعش نەما، لەسەر داوای ئەوان ھێزەكانمان كشاندەوە".

ھەر لەوبارەیه‌وه‌ گوتی "ئێمەش ھەر ئەو چاوەڕوانییەمان لە پەكەكە ھەیە، مانەوەی ھێزەكانی پەكەكە لە شنگال یارمەتی سەقامگیری ناوچەكە نادات و ھەستیاری دروست دەكات، كە تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێكی پراكتیكی نابینرێت بۆ كشانەوەیان".

لە وەڵامی پرسیارێك لەبارەی داخستنی سنووری نێوان ھەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان و كاریگەری بە سەر خەڵك لە رۆژئاوای كوردستان، سەرۆكی حكومەت گوتی "تەنیا داواكارییەكمان لە حزبی دەسەڵات لە رۆژئاوای كوردستان ھەیە، لەگەڵ تەواوی لایەنەكان دانوستان بكات و رێكبكەون، بەڵام بە ھیچ حزبێكی سیاسی دەرفەتی كاركردن نادات و سیاسەتێكی دیكتاتۆرانەی ھەیە. سنوورەكانمان بۆ پرسی مرۆیی كراوەن، لەوانەیە رێگەمان بە تێپەڕبوونی چەك و شتەكانی دیكە نەدابێت".

لەبارەی قەیرانی سیاسی ھەرێم و ھەوڵەكانی چارەسەركردنی، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەدا "كاتێ پەرلەمان په‌كخرا ئەولەییەتی ھەرێمی كوردستان شەڕی داعش بوو، كە تا 35 كیلۆمەتری ھەولێر پێشڕەوی كردبوو، ناچار بووین لە نێوان خراپ و خراپتر، خراپمان ھەڵبژارد، بەڵام شەڕی داعش بۆ لایەنەكانی دیكە لە ئەولەوییەتدا نەبوو. ئێستا ئەولەوییەتمان گەڕانەوەی پەرلەمانتاران و دەست بەكاربوونی پەرلەمانە".

سەرۆكی حكومەتی ھەرێم مانەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچە رزگاركراوەكان بە پێویستزانی و گوتی "بە دڵنیاییەوە دەمێنینەوە، بەڵام بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەبێت و پاش 25 ساڵ رێگەمان بە ھێزەكانی عێراقدا لە خاكی كوردستانەوە ئۆپەراسیۆنی موسڵ دەستپێبكەن، پێشتر كەس پێشبینی ئەوەی نەدەكرد".

گوتیشی "ھەماھەنگییەكی باشمان لەگەڵ ھێزەكانی عێراق ھەیە".

لەبارەی سەردانی سەرۆك وەزیرانی توركیا بۆ عێراق و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەدا "بە ھۆی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ھەردوولا توانیومانە یارمەتیدەر بین و رۆڵمان ھەبێت بۆ لێكنزیككردنەوەیان. توركیاش لە نیگەرانییەكانی بەغدا تێدەگات".

گوتیشی "بۆ دەرچوونی ھێزەكانی توركیا ھیچ كاتێك  دیاری نەكراوە، بەڵام توركیا قبووڵی كردووە لەم بارەوە لەگەڵ بەغدا دانوستان بكات".

JS