"لە كەرتی تەندروستی ھەرێم ئەگەری روودانی كارەساتی مرۆیی ھەیە"

"بارودۆخی نەخۆشخانە فریاكەوتنەكان گەیشتوەتە ئاستێك بەھیچ شێوەیەك ناتوانین ئەركی سەرشانمان جێبەجێ بكەین"

K24 – ھەولێر

ژمارەیەك لە پزیشكانی نەخۆشخانە فریاكەوتنەكانی ھەولێر لە روونكردنەوەیەكدا رایدەگەیەنن: "كاریگەرییەكانی قەیرانی دارایی بەشێوەیەكی بەرچاو لەسەر كەرتی تەندروستی دەركەوتووە، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو پزیشكانی فریاكەوتنەكان شانبەشانی كارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەران، بەرگەی ھەموو بارودۆخە سەختەكانمان گرت، ئێستا بارودۆخی نەخۆشخانە فریاكەوتنەكان گەیشتوەتە ئاستێك بەھیچ شێوەیەك ناتوانین ئەركی سەرشانمان جێبەجێ بكەین".

لە راگەیاندراوەكەدا پزیشكانی نەخۆشخانەی فریاكەوتنەكانی ھەولێر لە چەند خاڵێكدا ئەو ھۆكارانە روون دەكەنەوە كە بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێكردنی ئەرك و كارەكانیان وەك: "زۆربوونی لە رادەبەدەری نەخۆش، بەتایبەت دانیشتوانی مووسڵ كە لەسەرووی تواناكانی ئێمەن".

لە خاڵێكی دیكە دەڵێن: "كەمبوونەوەی ژمارەی پزیشكان بەتایبەتی پزیشكی نیشتەجێی خولاو، پزیشكانی نیشتەجێی خولانەوە لە ماوەی سێ مانگی رابردوو بەبێ بەرامبەر لە نەخۆشخانەكان دەوامیان كردو بۆشایەكی یەكجار گەورەیان پڕكردەوە، بەڵام پاش ئەوەی وەزارەتی تەندروستی و حكوومەت بەڵێنی خۆیان نەبردە سەر بۆ دامەزراندنیان، بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانیان لە 1/1/2017، دەستیان لە دەوام ھەڵگرت

و شوێنیان بە بەتاڵی مایەوە".

ھەروەھا پزیشكان لە چەند خاڵێكی دیكەدا چەند ھۆكارێك دەخەنەروو لەوانە كەمی ژمارەی كارمەندانی تەندروستی لە نەخۆشخانەكانە فریاكەوتنەكان، كەمبوونەوەی دەرمان و پێداویستی پزیشكی و كەمتەرخەمی وەزارەتی تەندروستی لە ئەركی سەرشانیان".

لە كۆتایی روونكردنەوەكە پزیشكان رایدەگەیەنن: "چارەسەرنەكردنی ئەو خاڵانە كارەساتی مرۆیی زۆر گەورەی لێدەكەوێتەوە، بۆیە داوا لە كەسانی پەیوەندیدار و سەرۆكایەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان  و وەزارەتی تەندورستی دەكەن، بەشێوەیەكی مەیدانی سەردانی نەخۆشخانە فریاكەوتنەكان بكەن بۆ ئەوەی راستییەكان بەچاوی خۆیان ببین".

دەقی روونكردنەوەی پزیشكانی نەخۆشخانە فریاكەوتنەكانی ھەولێر

دەقی روونكردنەوەی ژمارەیەك پزیشكی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ھەولێر
دەقی روونكردنەوەی ژمارەیەك پزیشكی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ھەولێر