"پێکەوە ئەمریکای مەزن بنیات دەنێینەوە"

ترەمپ سوپاسی کەسێک دەکات، پێشتر میوانی کوردستان بووە و قسەی بۆ کوردستان24 کردووە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ سوپاسی فرانكلین گراھام دەكات كە رۆژی 12 كانوونی دووەم كەمتر لە 10 رۆژ بەر لە رێورەسمی دەستبەكاربوونی لە ھەولێر بوو و ئەوكات پێداگری لە سەر گەیاندنی پەیامی كورد بە سەرۆكی نوێی وڵاتەكەی كرد.

گراھام سه‌رۆكی رێكخراوی خێرخوازی ساماریتان پیرس ھەر ئەو رۆژ بە كوردستان24 رایگەیاند: "من زۆرشتم هه‌یه‌ له‌ باره‌ی كوردستانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو به‌ ترامپی بڵێم، ئه‌و شاره‌زایی زۆری نییه‌ له‌ باره‌ی ئه‌و پارچه‌یه‌ی جیهان، من ده‌مه‌وێ دڵنیابم له‌وه‌ی ترامپ له‌ پێداویستییه‌كانی عێراق و به‌تایبه‌تیش هه‌رێمی كوردستان تێبگات".

ترەمپ لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك بە بڵاوكردنەوەی لێدوانێكی گراھام، بۆی نووسیوە: "سپاس فرانكلین گراھام. دووبارە پێكەوە ئەمریكای مەزن بنیات دەنێینەوە!"

 

گراھام لە رێورەسمی دەستبەكاربوونی ترەمپ گوتارێك پێشكەش كرد، كە ھەر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پاڵپشتی خۆی بۆ ترەمپ راگه‌یاندبوو.

ئەم دۆستەی ترەمپ لەكاتی سەردانكردنی ھەرێمی كوردستان ئەوەشی بە كوردستان24 رایگەیاندبوو: "كوردستان پێویستی به‌ هاوكاری زۆره‌، خه‌ڵكی كوردستان گه‌لێكی بێوێنه‌ن و ئازارێكی زۆرییان بینیوه‌، پێویستییان به‌ هاوكارییه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ هاتووین هاوكاری پێشكه‌ش بكه‌ین".

ھەر لەبارەی ناسینی خه‌ڵكی كوردستانیش له‌لایه‌ن‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه‌، گراهام ئاماژەی بەوە دابوو: "ورده‌ ورده‌ خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكا میلله‌تی كورد زیاتر ده‌ناسن و ده‌زانن خه‌ڵكێكی قاره‌مانن، ماندوونه‌ناسن، خه‌ڵكێكن له‌ پێناو ئازادی خۆیان تێده‌كۆشن، منیش پێموایه‌ خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكا رێزێكی زۆر تایبه‌تییان بۆ میلله‌تی كورد هه‌یه‌".

فرانكلین گراهام، سه‌رۆكی رێكخراوی ساماریتان پیرس، كه‌سایه‌تییه‌كی ناسراو و كاریگه‌ری ئه‌مه‌ریكایه‌ و رۆژی 12 كانوونی دووەمی 2017، نه‌خۆشخانه‌یه‌كی فریاكه‌وتنی گه‌ڕۆكی 75 قه‌ره‌وێڵه‌یی له‌ شارۆچكه‌ی به‌رتله‌، به‌ بڕی 10 ملیۆن دۆلار كرده‌وه‌، كه‌ ته‌واوی كه‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كانیش بۆ دابینكردووه‌.

 رێكخراوەكەی گراھام له‌ ساڵی 2007ـه‌وه‌ چه‌ندین پرۆژه‌ی خێرخوازی له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ بڕی زیاتر له‌ 15 ملیۆن دۆلار جێبەجێ كردووە.

JS

لێدوانی تایبه‌ت فرانكلین گراهام، بۆ كوردستان 24، رۆژی 12 كانوونی دووەمی 2017