نرخی نەوت دادەبەزێت

بەرزبوونەوەی بەرھەمی نەوتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كەمبوونەوەی بەرھەمی ئۆپێك و بەرھەمھێنەرانی دیكە قەربوو دەكاتەوە

K24 - ھەولێر

نرخی نەوت ئەمڕۆ ھەینی لە بەرزترین ئاست نزم بووەوە، پاش ئەوەی بازاری نەوت تەركیزی كردە سەر بەرزبوونەوەی بەرھەمی نەوتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و لەبەرچاو نەگرتنی ھەوڵەكانی ئۆپێك و بەرھەمھێنەرانی دیكەی نەوت بۆ كەمكردنەوەی بڕی بەرھەم.

نەوتی خاوی برێنت ھەر بەرمیلێكی بە 69 سێنت نزمبوونەوە بۆ 55.55 دۆلار دابەزی.

ھەر بەرمیلێیكی نەوتی مامنەوەندی رۆژئاوای تێكساسی ئەمریكا بۆ 53.30 دۆلار دابەزی، پاش ئەوەی 48 سێنتی لەدەستدا. نرخی نەوتی خاوی ئەمرێكا لە ماوەی ھەفتەیەكدا 2% بەرز ببووەوە.

نزمبوونەوەی نرخی نەوت لە كاتێك دایە كە رێككەوتنی ئۆپێك و بەرھەمھێنەرانی دیكەی نەوت بووە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ماوەی رۆژانی رابردوو.

ئۆپێك و بەرھەمھێنەرانی دیكەی نەوت لەسەر ئەوە رێككەوتن لە شەش مانگی یەكەمی 2017 رۆژانە نزیكەی 1:8 ملیۆن بەرمیل بەرھەمھێنانی نەوت كەم بكەنەوە، بۆ ئەوەی نرخەكەی بەرز ببێتەوە.

بەڵام ھاوكات لەگەڵ نزمبوونەوەی بڕی بەرھەمی ئۆپێك و بەرھەمھێنەرانی دیكەی نەوت، بەرھەمھێنانی نەوتی ئەمریكا لە بەرزبوونەوە دایە.

بە پێی پێشبینی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە،  كۆی بەرھەمھێنانی نەوتی ئەمریكا لە ساڵی 2017 بە رێژەی 320 ھەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرز دەبێتەوە و رۆژانە دەگاتە 12.8 ملیۆن بەرمیلی نەوت.

JS