نێچیرڤان بارزانی: کورد چاوەڕوانییەكی زۆری لە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا هەیە

کۆنتڕۆڵکردنی شاری مووسڵ بە واتای کۆتایی هاتنی داعش نییە

K24 - ھەولێر

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کۆنتڕۆڵکردنی شاری موسڵ، بە واتای کۆتایی هاتنی داعش نییە.

نێچیرڤان بارزانی لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەشی كوردی رادیۆی دەنگی ئەمریکا رایگەیاند داعش تەنیا بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەناو نابرێت. گوتیشی رەنگە لە رووی سەربازییەوە مووسڵ و رەققە لەدەست بدات، بەڵام لە رووی ئایدۆلۆژییەوە ھەر دەمێنێت.

نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند پێشبینی دەکەن شەڕی رۆژئاوای مووسڵ شەڕێکی سەختتر بێت، چونکە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سڤیلی لەو ناوچە نیشتەجێن و هێزەکانی عێراق بە سەرپەرستی ھێزی ھاوپەیمانان نایانەوێت زیان بە خەڵکی سڤیل بگەیەنن.

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ھەروەھا گوتی "کورد لە بەرەی پـێشەوەی جەنگی دژی تێرۆرە، ئەمەش پـێوەرێـکی زۆر گرنگە بۆ ئەمەریکا و ئیدارەی ترامپ کە کورد لە پـێشەوەی ئەو شەڕەدایە".

ئاماژەی بەوەشدا "لە کوردسـتان هەموو پـێکهاتەکان پـێکەوە بە خۆشی و ئازادی و بەبێ کێشە دەژین، مەسیحیـیەکان، موسڵمان، ئێزیدی، عەرەب، تورکمان، ئەمانەش هەموویان پـێوەری زۆر زۆر گرنگن".

ھەر لەمبارەوە دەڵێت "ئەگەر سەیری دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین دەبینین کوردسـتان تەنها شوێنێـکە بووەتە هیوا و ئومێدی ئەو خەڵکانەی ناتوانن لە شوێنەکانی دیکە بژین و روو لە کوردسـتان دەکەن".

سەبارەت بە چاوەڕوانییەكانی لە ئیدارەی نوێی ئەمریكا گوتی "کورد بە هیواوە دەڕوانێتە ئیدارەی نوێی ترامپ و هیوادارە ئەو پەیوەندیـیەی پـێشتر لەگەڵ ئیدارەی ئۆباما هەیبووە، لە ئیدارەی ترامپدا زیاتر بەرەو پـێشەوە بڕوات".

JS