نزیكەی 40 سەربازی توركیا داوای مافی پەنابەری لە ئەڵمانیا دەكەن

تا ئێستا بەرپرسانی حكومەتی ئەڵمانیا یان ناتۆ ھیچ لێدوانێكیان لەمبارەوە نەداوە

K24 - ھەولێر

نزیكەی چل سەربازی توركیا لە دامەزراوەكانی ناتۆ لە ئەڵمانیا كە زۆربەیان پلەی بەرزیان ھەیە داوای پەنابەری لەم وڵاتە دەكەن.

بە پێی ھەواڵێكی رویتەرز، گۆڤاری دێر شپیگل و  كەناڵی ARD بڵاویان كردەوە ئەو سەربازانە لە چوارچێوەی ناتۆ لە ئەڵمانیا بوون، بەڵام پاش كودەتای شكستخواردووی 15 تەموزی 2016 كارەكانیان لە ناتۆ ھەڵپەسێردرا.

تا ئێستا بەرپرسانی حكومەتی ئەڵمانیا یان ناتۆ ھیچ لێدوانێكیان لەمبارەوە نەداوە.

داواكاری سەربازانی توركیا بۆ پەنابەری لە ئەڵمانیا لە كاتێك دایە كە ئامادەكاری دەكرێت بۆ سەردانی ئەنگێلا مێركل راوێژكاری ئەڵمانیا بۆ توركیا و كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە رەجەب تەیب ئەردۆغان.

پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوو ئەندامی ناتۆ لە ماوەكانی رابردوو بە ھۆی سیخۆری مەلاكانی توركیا لە ئەڵمانیا و نیگەرانی ئەڵمانیا لە بارەی تەپەسەركردنی ئۆپۆزسیۆن لە توركیا و ھەروەھا تۆمەتباركردنی ئەڵمانیا بۆ جێكردنەوە بۆ پەكەكە و حزبێكی دیكەی چەپگرای توركیا (DHKP-C) دووچاری ئاڵۆزی بووە.

سكرتێری گشتی ناتۆ یێنس ستۆلتێنبێرگ مانگی كانوونی یەكەمی 2016 رایگەیاندبوو ھەندێ بەرپرسانی سەربازی توركیا لە ناتۆ داوای مافی پەنابەریان كردووە، بێ ئەوەی ژمارەیان ئاشكرا بكات.

توركیا پاش كودەتای شكستخواردووی 15 تەموز بە سەدان بەرپرسی سەربازیی خۆی لە دامەزراوەكانی ناتۆ لە ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەسەر كارەكانیان دەركرد و داواشیان لێكرد بۆ توركیا بگەڕێنەوە، بەڵام ھەندێكیان لە ترسی توڵەسەندنەوە نەگەڕانەوە.

JS