مه‌سرور بارزانی: نه‌خشه‌ڕێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ویستێكی هاوبه‌شی ھەموو لایەنەكانە
K24 - ھەولێر
مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له میانه‌ی پێشوازیكردنی له فرانك بێیكه‌ر باڵیۆزی بریتانیا له عێراق و شاندی یاوه‌ری رایگه‌یاند، گه‌یشتنی كورد به مافه‌كانی ده‌بێته فاكته‌ری سه‌قامگیری و چه‌سپاندنی زیاتری یه‌كسانی له نێوان خه‌ڵكی ناوچه‌كه، كه له نه‌ته‌وه و ئاین و مه‌زهه‌بی جیاواز پێكهاتووه.
مه‌سرور بارزانی ھەروەھا رۆشنایی خسته سه‌ر گفتوگۆ و هه‌نگاوه‌كانی نێوان لایه‌نه سیاسیه‌كانی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی جیاوازییه‌كانی ناوخۆ و پێداگری لەسەر پێویستی یه‌كریزی هێزه‌كانی كوردستان كرده‌وه بۆئه‌وه‌ی به هێزی زیاتره‌وه روبه‌ڕووی ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌كان بێته‌وه له پێناو به‌دیهاتنی ویست و به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیانی كوردستان.
لە بەشێكی تری قسەكانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان باسی له نه‌خشه‌ڕێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كرده‌وه، كه ویستێكی هاوبه‌شی هێزه‌كانه و لەمبارەوە رایگه‌یاند گه‌یشتنی كورد به مافه‌كانی ده‌بێته فاكته‌ری سه‌قامگیری و چه‌سپاندنی یه‌كسانی نێوان گه‌لانی ناوچه‌كه.
له‌لای خۆیه‌وه باڵیۆزی بریتانیا له عێراق باسی له سیاسه‌ت و ستراتیژی وڵاته‌كه‌ی له عێراق كرد و دووپاتی له به‌رده‌وامی یارمه‌تی و هاوكاری وڵاته‌كه‌ی له شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش بۆ هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه.
ھەر لەم كۆبوونەوەدا به‌ئاماده‌بوونی جۆن شارپ هه‌ڵسوڕێنه‌ری كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له هه‌ولێر، دوا په‌ره‌سه‌ندنه سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی مووسڵ دوای نه‌مانی داعش تاوتوێكرا.
JS