گەنجێك 10 ساڵە لە نێو خانووە تەواو نەكراوەكان دەژیت

زۆرجار سەگی ھاوڕێی خواردنی بۆ دێنێ و بە تەنیا جێی ناھێڵێ
kurdistan24.net

K24 - دھۆك

دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆی كەسێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە لە نێو خانووە تەواو نەكراوەكان لە سنووری پارێزگای دھۆك ژیانێكی تاڵ بەسەر دەبات، تیمی كوردستان24 لە بەدوادچوونێكدا شوێنی ئەو گەنجەیان دۆزیەوە.

ئەو گەنجە كە خۆی دەڵێ ناوی یاسینە و لە نێو خانووە تەواو نەكراوەكان لەگەڵ سەگێك دەژیت، سیمای ئەو لە مرۆڤێكی ئاسایی ناچێت، بەڵام سەرەتای چیرۆكی ژیانی ئەو دیار نییە بە چ كارەساتێك دەست پێدەكات كە وایكردووە ئێستا ئەم وابێدەنگ و داما و لە ھەموو وەرزێكدا بە تەنیا لەگەڵ ئاژەڵێكی بە وەفا ژیان بەسەر ببات.

وەك لە بەدواداچوونی تیمی كوردستان24 دەركەوتووە، گەلێك جار یاسین ھیچی نییە تا بیخوات سەگەكە لە دەرەوە خواردنی بۆ كۆدەكاتەوە و دەیھێنێ.