فەیسبووك و گوگڵ دژی ترەمپ دەوەستنەوە

ویلایەتە یەكگرتووكانی ئەمریكا وڵاتی كۆچبەرانە، پێویستە شانازی پێوە بكەین

K24 - ھەولێر

گوگڵ، ئەپڵ،  فەیسبووك، مایكرۆسۆفت و كۆمپانیاكانی دیكەی تەكنۆلۆجیا بە دربڕینی نیگەرانی خۆی، بڕیارەكەی ترەمپ دژی ھاووڵاتیان و كۆچبەرانی 7 وڵاتی بە زۆرینە موسڵمان شەرمەزار دەكەن.

مارك زوكێربێرگ دامەزرێنەری فەیسبووك دژایەتی خۆی بەرامبەر بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتەكەی بەرامبەر ھاووڵاتیان و كۆچبەرانی عێراق، ئێران، سوریا و چوار وڵاتی دیكەی رۆژھەڵاتی ناڤین دەربڕی.

زوكێربێرگ لە پەیجی خۆی بە دەربڕینی نیگەرانییەكانی دەڵێت: "باوباپیرانم لە ئەڵمانیا، ئوستریا (نەمسا) و پۆلەندا ھاتوون، باوباپیرانی پریسیلیا (ھاوژینەكەی) پەنابەرانی چین و ڤیتنامن. ویلایەتە یەكگرتووكانی ئەمریكا وڵاتی كۆچبەرانە، پێویستە شانازی پێوە بكەین".

ھەر لەبارەی بڕیاری ترەمپ، بەڕێوەبەری جێبەجیكاری ئەپڵ، تیم كۆك رایگەیاند "كاریگەری نەرێنی ئەو بڕیارە بەسەر كارمەندان و كۆمپانیاكەمان بۆ كۆشكی سپی رون كردووەتەوە".

 

گوگڵ، مایكرۆسۆفت و كۆمپانیاكانی دیكەی تەكنۆلۆجیا ترسی خۆیان بەرامبەر بڕیارەكەی ترەمپ دژی كۆچبەرانی 7 وڵاتی بە زۆرینە موسڵمان پیشاندا.

پیشەسازیی تەكنۆلۆجیای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە شیوەیەكی بەرچاو پشت بە ئەندازیاران و پسپۆرانی تەكنیكی بیانی دەبەستێت.

سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ رۆژی ھەینی رابردوو 27 كانوونی دووەم بۆ ماوەی سێ مانگ (90 رۆژ) پێدانی ڤیزە و رێگەپێدان بە ھاتنی ھاووڵاتیانی ھەر یەك لە سوریا، ئێران، عێراق، لیبیا، سۆماڵ، سودان و یەمەن ھەڵپەسارد.

ھەروەھا بۆ ماوەی چوار مانگیش (120 رۆژ) وەرگرتنی كۆچبەرانی ئەو 7 وڵاتە ھەڵپەسارد، تا ئەوكاتەی یاسایەكی گشتگیر دەردەچێت.

بەڕێوەبەری جێبەجیكاری گوگڵ، سوندار پیچای بە كارمەندەكانی گوت "بڕیارەكەی ترەمپ كاریگەری بەسەر 187 كارمەندی كۆمپانیایەكەی ھەیە".

مایكرۆسۆفتیش لەمبارەوە دەڵێت "ئاموژگاری و یارمەتی پێشكەشی ئەو كارمەندانەی خۆی دەكات كە بەر بڕیاری ترەمپ دەكەون و پێداگریشی لەسەر كاركردن بە پێی یاساكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كرد".

JS