داواده‌كرێت عێراق كاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ هه‌بێت
K24 - هه‌ولێر:
لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، داوا له حكوومه‌ت ده‌كات، هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر بڕیاره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ هه‌بێت و بڕیاری پێنه‌دانی ڤیزای عێراق به هاووڵاتییانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ربكات.
ئه‌مه‌ش له دوای بڕیاره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دێت، كه پێدانی ڤیزای وڵاته‌كه‌ی بۆ حه‌وت وڵات راگرتووه، كه عێراقیش یه‌كێكه له‌و وڵاتانه.
حه‌نان فه‌تلاوی، ئه‌ندامی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، رایگه‌یاند، عێراق هه‌موو هه‌وڵێكی هاوكاریكردن و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتان به‌رزده‌نرخێنێت، به‌تایبه‌تیش له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و داعش و گوتی: "لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ بۆ راگرتنی پێدانی ڤیزا به هاووڵاتییانی عێراق ره‌تده‌كاته‌وه و پێویسته عێراق له ریزی ئه‌و وڵاتانه ده‌ربهێندرێت".
فه‌تلاوی بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپی به سووكایه‌تیكردن بۆ عێراق وه‌سفكرد و رایگه‌یاند، پێشێلكردنی نه‌ریته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و مافه‌كانی مرۆڤه، هاوكات داواشی له حكوومه‌تی عێراق كرد، وه‌ڵامی ئه‌و بڕیاره بداته‌وه و هه‌مان بڕیار له دژی هاووڵاتییانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ربكات.
ئه‌حمه‌د جبووری، ئه‌ندامی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه له په‌رله‌مانی عێراق، داوای له حكوومه‌ت كرد، هه‌ڵوێستێكی گونجاوی له به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕیاره هه‌بێت، كه شیاوی رێز و پێگه‌ی عێراقییه‌كان بێت.