خه‌لیلزاد: ئومێدی من ئەوە بوو ئەم بڕیارە کوردستان نەگرێتەوە

"له‌ بڕیاری پێنەدانی ڤیزا کورد نەکراوه‌ته‌ ئامانج"
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

زەلمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، لەبارەی بڕیارە نوێیەکەی ئیدارەی ترەمپ بۆ راگرتنی پێدانی ڤیزا بە ھاووڵاتیانی عێراقی و شەش وڵاتی دیکەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و زۆرینه‌ موسڵمان، رایگەیاند، ھیواداربوو ئەو بڕیارە کورد و عێراقی نەگرتبایەوە.

خه‌لیلزاد گوتی: "لەبارەی پرسی ڤیزاوە، دەبێ کورد لەوە بگات کە ئەم بڕیارە راستەوخۆ بۆ ئەوان نییە، لەگەڵ ئەوەی بڕیارەکە کاریگەری لەسەر ئەوانیش دەبێت، بەڵام دەبێ ئەوە بزانن کە ئیدارەی ئەمریکی زۆر نیگەرانە لەسەر پرسی تیرۆر و سەرۆك ترەمپیش لەکاتی ھەڵبژاردنەکان بەڵێنیدا کە ئەو بڕیارە بدات".

هه‌روه‌ها گوتی: "ئامانجیش لەم بڕیارە بۆ ئەوەیە کە بزانن کێ دێتە ئەمریکا و ئەو کەسانەشی دێنە نێو ئەمریکاوە ھەڕەشە نین بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکە".

گوتیشی: "ئومێدی من ئەوە بوو ئەم بڕیارە کوردستان و عێراق نەگرێتەوە، ئەمەش بەھۆی ئەو ھاوپەیمانێتیەی ھەمانە لەگەڵ کورد".