روحانی: ترەمپ سیاسەتمەدارێكی تازەكارە

تاران رێوشوێنی یاسایی، سیاسی و ھاوشێوە بۆ وەڵامدانەوەی بڕیارەكەی ترەمپ دەگرێتە بەر

K24 - ھەولێر

سەرۆك كۆماری ئێران حەسەن روحانی بە رەخنەگرتن لە سیاسەتی  سەرۆكی نویی ئەمریكا بەرامبەر كۆچبەران، بەتایبەتی قەدەغەكردنی گەشتی ئێرانییەكان بۆ ئەمریكا رایگەیاند "دۆناڵد ترەمپ سیاسەتمەدارێكی تازەكارە".

گوتیشی "تاران رێوشوێنی یاسایی، سیاسی و ھاوشێوە بۆ وەڵامدانەوەی بڕیارەكەی ترەمپ دەگرێتە بەر"، بێ ئەوەی وردەكارییەكانی ئاشكرا بكات.

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ  رۆژی 27 كانوونی دووەمی 2017 ھاتنە ناوەوەی ھاووڵاتیان و كۆچبەرانی حەوت وڵاتی بە زۆرینە موسڵمانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا بۆ ئەمریكا قەدەغەی كرد.

 بە پێی ھەواڵێكی رویتەرز، روحانی لەبارەی ترەمپ و بڕیارەكانی دەڵێت: "سیاسییەكی نوێیە، لە دونیایەكی جیاواز دایە و ئەم دونیایە بۆ ئەو بە تەواوەتی نوێیە".

ھەر لەمبارەوە دەڵێت "كات و تێچوونێكی زۆر بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تێدەچێت، تا ترەمپ فێر ببێت بزانێت چی لەم دونیایە روو دەدات".

ترەمپ سەرباری ئەوەی كە ئێرانی خستە ناو ئەو وڵاتانەی بەر بڕیارەكەی دەكەون، بەڵێنیداوە رێوشوێنی توند بەرامبەر تاران بگرێتە بەر، پێشتریش رەتیكردبووەوە پابەندی رێككەوتنامەی ئەتۆمی ئێران ببێت و بە خراپترین رێككەوتن وەسفی كردووە.

JS