نەوەی سوڵتان عەبدولحەمید لەبەر باوباپیرانی پشتگیری لە ئەردۆغان دەكات

پەرلەمانتارێك پێی دەڵێت ئەگەر ئاتاتورك نەبوایە ئێستا ئەو یەكێ لە ژنەكانی پاشایەك بوو

K24 - ھەولێر

نەوەی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بە دەربڕینی پشتگیری خۆی بۆ ئەردۆغان بە بەڵێ بەشداری لە ریفراندۆمی دەستووری توركیا دەكات، كە سیستەمی  حوكمی ئەم وڵاتە لە پەرلەمانییە بە سەرۆكایەتی دەگوڕێت.

نیھان عوسمانئۆغلو پێنجەم نەوەی سوڵتان عەبدوڵحەمیدی دووەمە و یەكەم ئەندامی بنەماڵەی عوسمانیە كە پاش رووخانی ئیمپراتۆری باپیرانی لە توركیا لە دایكبووە، باوكی لە شام و باپیریشی لە لوبنان لە دایكبوون.

لە پەیامێكی ڤیدیۆیدا كە لە فەیسبوك و تویتەر بڵاوی كردووەتەوە دەڵێت: "بۆ ئەوەی سەرۆك كۆمارمان وەك سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بە تەنیا نەمێنتەوە بە بەڵێ بەشداری لە ریفراندۆمی دەستوور دەكەم".

دەشڵێت "بۆ توركیایەكی بەھێزە و بۆ ئەوەی بتوانێت بۆ خۆی بريارەكانی بدات، بە بەڵێ بەشداری دەكەم".

پێنجەم نەوەی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم لە شوێنێكی دیكە دەڵێت "سیستەمی پەرلەمانتاری گیانی ئێمەی دەرھێنا، بۆ ئەوەش ئاماژە بە سێدارەدانی عەدنان مەندەرس و ھاورێیانی دەكات، ھەر لەمبارەوە دەڵێت بە ھۆی سیستەمی پەرلەمانی، تورگوت ئوزال لە كۆشكی سەرۆكایەتی زیندانیكرا و ئەردۆغانیش بە خوێندنەوەی شیعرێك زیندانیكرا.

ئەم لێدوانەی نەوەی سوڵتان عەبدولحەمید بە دوور نەبوو لە كاردانەوە و بە دەنگەوە ھاتنی ئۆپۆزسیۆن.

پەرلەمانتاری جەھەپە، ئۆزگور ئۆزەل لە وەڵامی نەوەی سوڵتان عەبدولحەمید پێی دەڵێت: "ئەگەر ئاتاتورك نەبوایە، تو دووبارە دەژیایی، بەڵام لە چ كۆشكێكدا، لە چ ژوورێكدا، لە ژێر ئەو قەفەسەی بە دڵی باوك  و باپیر بوایە".

ھەر لە درێژەی قسەكانیدا، ئەو پەرلەمانتارە پێی دەڵێت" بیری ئەوەت دەكردەوە ئێستا چەندەمین ژنی كام پاشا بووی".