خێزانە كوردەكە دەتوانن بچنە ئەمریكا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگادار كراوەتەوە

K24 - ھەولێر

ئەو خیزانە كوردە كە ڤیزای كۆچبەری ئەمریكای ھەیە، بەڵام رۆژی 28 كانوونی دووەمی رابردوو لە نیوەی رێگە گەرێندرایەوە، ئەمجارە لەسەر ئاستێكی بەرزی دیپلۆماسی ئەمریكا ئاگادار كراوەتەوە دەتوانێت بچێتە ئەم وڵاتە.

جیم كوپێر، كۆنگرێسمانی ئه‌مریكا لە ماڵپەری خۆی پێرۆزبایی لەو خێزانە كوردە و سوپاسی شاندی دیپلۆماسی وڵاتەكەی كرد و لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە "شەوی رابردوو باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق رێنماییەك لە وەزارەتی دەرەوەی پێگەیشت كە تێیدا رێگە بە عێراقییەكانی ھەڵگری ڤیزای تایبەتی كۆچبەری دەدات بۆ ئەمریكا گەشت بكەن".

ئەو كۆنگرێسمانە نوێنه‌رایه‌تی ویلایه‌تی تێنسی، بەتایبەتی ناشڤیل دەكات كە بڕیارە ئەو خێزانە كوردە لەوێ نیشتەجێ ببن.

كۆپێر ھەر لەمبارەوە دەڵێت "بەرەبەیانی ئەمڕۆ فوئاد شەریف ئاگادار كراوەتەوە كە دەتوانێت بۆ ئەمریكا گەشت بكات".

رۆژی شەممەی رابردوو فوئاد شەریف و ئەندامانی خێزانەكەی بە مەبەستی چوون بۆ ئەمریكا گەیشتبوونه‌ فڕۆكەخانی قاھیرە و ڤیزای ساڵێكی ئەمریكایان وەرگرتبوو و دەیانویست ژیانیكی نوێ لە ناشڤلی ئەمریكا دەستپێبكەن.

بەڵام لە فڕۆكەخانی قاھیرە رێگەیان پێنەدرا، پاش ئەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا نووسراوێكی بۆ ناردبوون، كە ئەو خێزانە ناتوانن بەرەو ئەمریكا گەشت بكەن.

لە ماڵپەرەكەی كۆنگرێسمەنی ئەمریكا ھاتووە: "كۆپێر بە نوێنەرایەتی ئەو خێزانە لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و بەرپرسانی گومرك و پاراستنی سنوور لە پەیوەندی دایە و ئەمڕۆ ستایشی شاندی دیپلۆماسی ئەمریكای كرد بە كاركردن لەسەر پاراستنی بەھاكانی ئەم وڵاتە لە دەرەوەی سنوورەكانی".

فوئاد شەریف 51 ساڵی لە گەڵ ئارەزووی 41 ساڵەی ھاوژینی و كوڕە 19 ساڵییەكەی، بونیاد و كچە 17 ساڵییەكەی، یاد و كچێكی تری 10 ساڵی به‌ ناوی شاد، لە فرۆكەخانەی قاھیرە راگیران و رێگەیان پێ نەدرا بچنە ئەمریكا، كە چەندین ساڵ بۆ ئەنستیتۆیەكی لێكۆڵینەوەی USAID لە عێراق كاری كردووە.

شەریف 5 ھەزار دۆلاری بۆ كڕینی تیكێت خەرجكرد و منداڵەكانی لە قوتابخانە دەرھێنا و دەستی لە كارەكەشی لە كۆمپانیەكەی دابەشكردنی دەرمان ھەڵگرت.

ئەو خێزانە رۆژی یه‌كشه‌مه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ھەولێر، پاش ئەوەی شەوێكیان لە فرۆكەخانەی قاھیرە بەسەر برد.

ھەر ئەوكات كۆپێر بە درەبڕینی نیگەرانی خۆی رایگەیاند "ئۆفیسه‌كه‌م له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌و خێزانه‌ و هێنانیان بۆ شاری نا‌شڤیڵی ویلایه‌تی تێنسی ئه‌مریكا".

پێش گەڕانەوەشی لە میسر، فوئاد شەریف گوتی: "ترەمپ ژیانی منی وێرانكرد".

دەشڵێت: "ئەو چۆن دەتوانێت ئەوكارە لەگەڵ ئەو خەڵكە بكات كە بۆ یارمەتیدانی ئەمریكا ژیانیان خستە مەترسی".

كۆنگرێسمانی ئەمریكا لە بەشێكی تری بەیاننامەكەی دەڵێت :"خێزانی شەریف قوربانی بێ تاوانی بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپە، كە من بۆ پێچەوانەكردنی خەباتم كرد. ھیوادارم ئەو خێزانە بێ ھیچ رووداوێك بگەنە ناشڤیل".

سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ رۆژی 27 كانوونی دووەمی رابردوو بۆ ماوەی سێ مانگ (90 رۆژ) پێدانی ڤیزە و رێگەپێدان بە ھاتنی ھاووڵاتیانی ھەر یەك لە سوریا، ئێران، عێراق، لیبیا، سۆماڵ، سودان و یەمەن ھەڵپەسارد.

ھەروەھا بۆ ماوەی چوار مانگیش (120 رۆژ) وەرگرتنی كۆچبەرانی ئەو 7 وڵاتە ھەڵپەسارد، تا ئەوكاتەی یاسایەكی گشتگیر دەردەچێت.

ھەر پاش جیبەجێكردنی ئەم بڕیارە، ھەواڵی راگرتنی دەیان كەس لە ھاووڵاتیانی ئەم وڵاتانە لە فرۆكەخانە نێودەوڵەتییەكان، تەنانەت لە ناوخۆی ئەمریكاش بڵاو بووەوە.

JS