فێستیڤاڵی بەفر لە كوردستان بەڕێوەدەچێت

kurdistan24.net

K24 - رواندز

بڕیارە سبەی فێستیڤاڵی بەفر لەسەر چیای كۆڕەك لە سنوری شارۆچكەی رواندز بەڕێوەبچێت، فێستیڤاڵەكە چەند جۆرێكی خلیسكانێ و فڕین لە ئاسمان و یاری ناو بەفر لە خۆدەگرێت.

بارزان محەمەد بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران بە كوردستان24 گوت: "چەندین كۆمپانیای گەشتیاری لە ناوەڕاست و باشووری عێراق و شارەكانی كوردستان پەیوەنییان پێوەكردوین و ئامادەكاریان كردووە، بۆ ئەوەی سبەی بەشداری لە فێستیڤاڵەكە بكەن".

گوتیشی: "سەرجەم تیمەكانی بەشداربووی فێستیڤاڵەكە ھی ناوخۆیی كوردستانن و چەندین یاری و چالاكی ئەنجامدەدرێن".

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، ئەوەشی خستەڕوو: "لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری ناوچەكە لە ھەوڵدان بۆ پاككردنەوەی ئەو رێگایانەی بەھۆی بەستەڵەك ئاستەنگیان بۆ ھاتووچۆ دروستكردووە".