چەندین ھاووڵاتی دیكەی حەویجە خۆیان گەیاندە سەنگەرەكانی پێشمەرگە

"چوار جاری دیكە ویستمان لە دەستی داعش رابكەین و بێینە ئێرە چەكدارانی داعش رێگەیان پێنەداین"
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

ھێمن دەلۆ پەیامنێری كوردستان24 لە باشووری كەركووكەوە رایگەیاند: "ئەمڕۆ ژمارەیەكی دیكەی ھاووڵاتیانی حەویجە خۆیان گەیاندە سەنگەرەكانی پێشمەرگە".

یەكێك لە ئاوارەكان كە پیاوێكی بە تەمەن بوو، ماندوبوون و خەفەت ھێندەی دیكە جەستەی شەكەت كردبوو بە كوردستان24 گوت: "بە درێژایی كات شەوی رابردوو لەگەڵ خەڵكی دیكە بە رێگادا رۆیشتین تا گەیشتینە ئێرە".

گوتیشی: "چوار جاری دیكە ویستمان لە دەستی داعش رابكەین و بێینە ئێرە، بەڵام چەكدارانی داعش رێگەیان پێنەداین، ھەموو پارە و رەگەزنامەكانیان لێ ستاندین، بارودۆخی حەویجە زۆر خراپە داعش خەڵك دەكاتە دیلی خۆیی".

ھاووڵاتیەكی دیكەی حەویجە كە لەگەڵ كەسوكاری لە ژێر دەسەڵاتی داعش رایكردووە و خۆی گەیاندوەتە سەنگەرەكانی پێشمەرگە ئەو دەڵێ: "ئەوەی لە حەویجە روودەدات كارەساتە، ھیچ شتێك نییە تەنانەت خواردن نییە تەنھا نان ھەبوو بیخۆین، دەبێ ریش ھەبێت و بانتۆڵەكەت درێژ نەبێت".