بارزانی: یارمەتییە سەربازییەكانی ئیتاڵیا بۆ پێشمەرگە ئەنجامێكی زۆر باشی هەبوو

پینۆتی بە پێداگری لەسەر رۆڵی ئیتاڵیا لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی داعش، پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپاتكردەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی رایگەیاند فراوانكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیتالیا بۆ هەرێمی كوردستان جێگەی بایەخە و یارمەتییە سەربازییەكانی ئیتالیا بۆ پێشمەرگە و پێدانی مەشق و راهێنان كاریگەریی و ئەنجامی زۆر باشی هەبووە.

ماڵپەری سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە سەرۆك بارزانی لە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا رۆبێرتا پینۆتی، سەردانی بەرپرسە باڵاكانی ئیتالیا بۆ هەرێمی كوردستان گرنگ نرخاند و گوتی مانایەكی قووڵی هەیە.

 پینۆتی ئێوارەی دوێنێ گەیشتە ھەولێر، پاش ئەوەی لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵ كۆ بووەوە.

وەزیری بەرگریی ئیتالیا، كە سەربازانی وڵاتەكەی مەشق و راھێنان بە ھێزەكانی پێشمەرگە دەكەن، پێداگری لە سەر رۆڵی وڵاتەكەی لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی داعش و بەردەوامبوونی پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە كرد و بە ستایشكردنی ئازایەتی و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش، ئامانجی سەردانەكەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی شیكردەوە.

بارودۆخی شاری موسڵ و هەنگاوەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی و رۆڵی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنەدا تەوەرێكی تری كۆبوونەوەی ھەردوو لا بوو و باسیان لە دواڕۆژی پارێزگای نەینەوا و مەترسییەكانی هزری تایفەگەری لە قۆناغی دوای داعش كرد.

پێداگریشیان لەسەر ئەوە كرد پێویستە دانیشتوانی ناوچە ئازادكراوەكان بە تایبەتی مەسیحی و ئێزییدییەكان بتوانن بە دڵنیاییەوە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و ڕێوشوێنێكی وا بگیرێتە بەر كە كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە و پێكهاتەكان نەبنە قوربانیی ململانێی مەزهەبی و تایفەگەری.

JS