مێركل لە رەوشی ھەدەپە و توركیا ئاگادار دەكرێتەوە

كۆبوونەوەكە لەسەر داوای مێركل بووە

K24 - ھەولێر

راوێژكاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێركل لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ توركیا لەگەڵ شاندیكی ھەدەپە كۆ بووەوە.

كۆبوونەوەی مێركل و ھەدەپە بۆ ماوەی كاتژمێرێك لە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە ئەنقەرە لەسەر داوای مێركل بەڕێوەچوو، پاش ئەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و بیناڵی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی ئەم وڵاتە كۆ ببووەوە.

ھەرسێ پەرلەمانتاری ھەدەپە، ئیدریس بالولەكەن، مدحەت سنجار و ھۆشیار ئۆزسۆی بەشداری كۆبوونەوەی لەگەڵ مێركل ببوون، كە بالوكەن تەنیا سێ رۆژە لە زیندان ئازادكراوە.

ئەوە بە یەكەم كووبۆنەوەی ھەدەپە لەگەڵ راوێژكاری ئەڵمانیا لە ناوخۆی توركیا ئەژمار دەكرێت، كە دووەم پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە و پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ حزبەكانی ئەڵمانیا و ئەوروپا ھەیە.

لە كۆبوونەوەكەدا، مێركل لە رەوشی توركیا و ھەدەپە و ھاوسەرۆك و پەرلەمانتارانی گیراوی ئەم حزبە ئاگادار كراوەتەوە، كە ھاوسەرۆكەكانی ھەدەپە و 10 پەرلەمانتاری دیكەی ئەم حزبە لە زینداندان.

راوێژكاری ئەڵمانیا ھەروەھا لەگەڵ سەرۆكی پارتی ئۆپۆزسیۆنی جەھەپە كەماڵ كلچدارئۆغلو كۆ بووەوە.

JS