مێركل گوێ لە ئەردۆغان ناگرێت

بۆ جاری دووەم دەستەواژەی "تیرۆری ئیسلامی" بەكار دێنێت

K24 - ھەولێر

راوێژكاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێركل جارێكی دیكە دەستەواژەی "تیرۆری ئیسلامی" بەكار ھێنا، پاش ئەوەی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەش، رەجەب تەیب ئەردۆغان نیگەرانی خۆی لە بەكارھێنانی ئەم دەستەواژەیە لە لەلایەن مێركل دەربڕی.

مێركل داوتر بۆ جاری دووەم ئەو دەستەواژەیە لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی لەگەڵ بیناڵی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا بەكارھێنا.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا چەندین جار ئەم دەستەواژەیە لە قسەكانیدا بەكارھێناوە و مەبەستی ھەردووكیان لەم دەستەواژەیە، رێكخراوە توندرەوەكانی ئیسلامییە، ھەر وەك مێركل دەڵێت لە بارەی "تیرۆری ئیسلامی" بە ئەردۆغانم گوت، بێ گومان بۆ دژایەتی كردنی موسڵمان نییە، بەڵكو بۆ ئەو كەسانەیە ژیانی مرۆڤەكان لە ناو دەبەن و دەیانەوێت دیموكراسی لە ناو ببەن، ئێمە لەم شەڕەدا یەكگرتووین".

كاتێ جاری یەكەم، مێركل ئەم دەستەواژەیە بەكار ھێنا، ئەردۆغان نیگەرانیی خۆی پیشاندا و گوتی "وشه‌ی ئیسلام واتا  ئاشتی، ئیسلام و تیرۆر له‌گه‌ڵ یه‌كتر كۆ نابنه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك وڵات ئه‌و دوو شته‌ به‌یه‌كەوە ده‌به‌ستنه‌وه‌".

JS