ئەمریكا: رۆژانی چاوپۆشی كردن لە كردەوەكانی ئێران كۆتاییھات

ئەمریكا ئێدی بەرگەی كردەوە ھاندەرەكانی ئێران ناگرێت

"رۆژانی چاوپۆشی كردن لە كردەوەكانی ئێران كۆتایی ھاتووە و ئەمریكا ئێدی بەرگەی كردەوە ھاندەرەكانی ئێران ناگرێت كە ھەرەشەن بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا".

مایكل فلین راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا رۆژی ھەینی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "كۆمەڵی نێودەوڵەتی تا ئێستا لە رادەبەدەر بەرگەی مامەڵەی خراپی ئێران گرتووە. بەڵام رۆژانی چاوپۆشی كردن لە كردە دوژمنكارانەی ئێران بەرامبەر ئەمریكا و كۆمەڵی نێودەڵەتی كۆتایی ھاتووە".

ھەر رۆژی ھەینی ھەفتەی رابردوو وەزارەتی دارایی ئەمریكا كۆمەڵە سزایەكەی دارایی بەسەر 15 كەس و دامەزراوە سەپاند كە پەیوەندییان بە دوا تاقیكردنەوەی موشەكی ئێران ھەیە، پاش ئەوەی رۆژی یەكشەممەی ھەفتەی رابردوو موشەكێكی بالستی مەودا ناوەند تاقی كردەوە.

سزاكان بەسەر 13 كەس و 12 كۆمپانیا سەپێندراون، كە ھەندێكیان لە ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی، لوبنان و چین چالاكییان ھەیە.

مایكل فلین لەبارەی ئێران دەڵێت لەوەتەی رێككەوتننامەی ئەتۆمی ئیمزا كراوە، مامەڵەی ھێرشكارانە و نایاسایی ئێران زیاتر بووە.

بۆ ئەوەش ئاماژە بە دەستگیركردنی دەریاوانانی ئەمریكا و تاقیكردنەوەی موشك پاش رێككەوتنامەی ئەتۆمی كرد.

لە لایەكی ترەوە ئێران بەرامبەر سزا نوێیەكانی ئەمریكا ھەرەشەی سەپاندنی بەربەستی یاسایی بەرامبەر ئەو كەس و كۆمپانیانە كرد كە بە گوتەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران "رۆڵیان ھەیە لە پێكھێنان و یارمەتیدانی گرووپە تیرۆریستییەكان لە ناوچە و ھەروەھا یارمەتی كوشتن و سەركوت كردنی خەڵكی بێ تاوانی ناوچەكە دەدەن"، بێ ئەوەی وردەكاری زیاتر لەمبارەوە ئاشكرا بكات.

سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ لە دوایین ھەڵوێستی بەرامبەر ئێران لە تویتێكدا بڵاوی كردەوە: "ئێران یاری بە ئاگر دەكات، ئەوان قەدری ئەو باشییەی سەرۆك ئۆبامایان نەزانی كە لەگەڵیان ھەبوو، بەڵام من وا نابم".

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ترەمپ، كۆماری ئیسلامی ئێران بە گرنگترین وڵاتی پشتیوانی تیرۆر دەزانێت كە پشتگیری لە كردەوە توندوتیژیییەكان دەكات بۆ ناسەقامگیركردنی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و تێیاندا بەشدارە.

JS